سوپای تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی دەوروبەری شارۆچکەی سڕین و شەڕڤانانیش کوژرانی دەیان چەکداری سەر بە ئەنقەرەیان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاویکردەوە سوپای تورکیا و چەکدارەکانی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق و شارۆچکەی سڕینیان بۆردومان کردووە، بێ ئەوەی ئاماژە بە زیانەکانی بکات.
لە لایەکی دیکەشەوە هەسەدە ڕایگەیاند لە میانی شەڕوپێکدادانەکانی دوێنیدا 52 چەکداری سەر بە تورکیا لە ناوچەی بەنداوی تشریندا کوژراون و دوو زرێپۆش و تانکێکیشیان تێکشکێندراون.
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو کە دەستیان بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی گروپە چەکدارەکانیشدا گرتووە.