پێگەی كورد لە دوای گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا



محەمەد عەلی – چاودێری سیاسی

هەرێمی كوردستان هەمیشە پێگەیەكی بەهێزی لەنێو هاوكێشە هەرێمییەكاندا هەبووە، ئەمەش بەردەوام وڵاتانی هەرێمیی قەڵس كردووە و هەمیشە ویستوویانە ئەم كاریگەرییە كەم بكەنەوە، یاخود بگاتە ئاستێك كە ئەسڵەن ئەم هەرێمە وجوودی نەبێت، ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و بڕینی قووتی خەڵك و ڕێگریكردن لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، هەموو ئەمانە ئەو ڕاستییە دووپات دەكەنەوە، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، ئیدی هاوكێشەكان لە ناوچەكەدا تەواو گۆڕاون لە بەرژەوەندیی هەرێم و كورد بە گشتی لە ناوچەكەدا.

ئەگەر سەرنج بدەین، ئیدی شیعەی دەسەڵاتدار لە عێراق، هاوپەیمانێكی زۆر بەهێزی لە دەستدا، كە ئەڵقەی پێكگەیاندنی چەك و كەرەستە و پێداویستی سەربازیی هەر چوار وڵاتی ئێران و عێراق و سووریا و لوبنان بوو، ئەمە سەرباری ئەوەی ئیدی سنوورێكی بەرفراوانی بۆ دروست بووە لەگەڵ هێزێكی ڕادیكاڵی ئیسلامیی وەكو هەیئەی تەحریری شام، كە هەم هێزێكی سونی و هەمیش هێزێكی ئیسلامی تەواو دژی هەژموونی ئێرانە لە ناوچەكەدا، ئەمەش ئەو هاوكێشە بیست ساڵییە پێچەوانە دەكاتەوە، كە لە دوای ڕووخانی بەعس لە عێراق هاتووەتە كایەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی هەردوو دیوی سنووری عێراق و سووریا كەوتوونەتە ژێر هەژموونی سوونەكان.

بۆیە بە ڕوونی دیارە لە ماوەی ڕابردوودا هێرش كراوەتە سەر هێزە عێراقییەكان لەلایەن چەكدارانی نەناسراو، كۆتا هەوڵی شكستخواردووی خۆكوژی لە داقووق و كۆتا لێدوانی ‘نووری مالیكی’ سەرۆكی دەوڵەتی یاسا تایبەت بە گواستنەوەی مەترسییەكان بۆ عێراق، هاوكات بوو لەگەڵ لێدوانی یەكێكی تر لە سەركردەكانی هەمان حزب بە بوونی مەترسیی جدی لەسەر ئەنجامدانی كودەتا لە عێراق.

ئەگەر سەیری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكەین، ئیدی لەمەبەدوا هەژموونی حەشدی شەعبی و هێزەكانی نزیك لەوان، لەم ناوچانەدا تەواو ڕوو لە كەمبوونە، كشانەوەی زۆرینەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەرەو دەرەوەی كەركوك و لاوازبوونی هێزەكانیان لە دەشتی نەینەوا و كشانەوە بە ئاڕاستەی بەغدا و باشوور، ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە.

لەلایەكی ترەوە هێزەكانی پەكەكە لەم ناوچانەدا تەواو لاواز دەبن، بە هۆكاری ئەوەی لە دوای ئەم گۆڕانكاریانە ڕۆڵی ئەو حزبە لە سوریا و عێراق و توركیاش بە تەواوی لە قاڵب دەدرێت لە داهاتوودا، بەرامبەر زیادبوونی هەژموونی توركیا لەم دوو وڵاتە.

ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی كورد لە هەر سێ پارچەکە، بۆ وێنە، بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراق و چوونەوە پێشەوەی ڕۆڵی كورد لە ڕۆژئاوا لە دەرەوەی هەژموونی پەكەكە لەم پارچەیە و دەرفەتێكیش دەهێنێتە پێشەوە بۆ كوردانی باكوور و توركیا، بۆ ئەوەی لە دەرەوەی هەژموونی پەكەكە جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ زیندووكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەم وڵاتەدا.

ئیدی لەمەبەدوا هەژموونی سونەكان بە یارمەتی توركیا و وڵاتانی سونی ناوچەكە ڕوو لە زیادبوون دەكات، بەیاننامەی كۆمەڵێك پارتی سونی بە داواكاریی چاكسازی لە سیستمی سیاسیی عێراق و بوونی ‘محەمەد حەلبووسی’ بە سەرۆكی پارتی تەقەدوم لە ئەمەریكا و سەردانی ‘خەمیس خەنجەر’ كەسایەتیی سیاسیی دیاری سونەكان بۆ هەرێم و سەردانی سەرۆكی هۆزی جبوور لە عێراق و سووریا بۆ لای ‘سەرۆك بارزانی’ و پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و ونبوونی تەواوی سەركردە شیعەكان، كە خاوەنی میلیشیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی.

بە شێوەیەك لە دوای گۆڕانكاری لە لوبنان و سووریا تاكو ئێستا نە بۆچوونیان هەبووە نە دەركەوتنی ئیعلامی، ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە، كە ئیدی مەترسیی جدی لەسەر بوونیان هەیە، بە تایبەت لە دوای لەناوبردنی تەواوەتی هێزە ئاسمانی و دەریایی و زەمینییەكانی سوریا لەلایەن ئیسڕائیلەوە، دەكرێت وەك ئامادەكارییەك هەژمار بكرێت بۆ لێدانی میلیشیا نزیكەكانی ئێران لە عێراق.

كۆتا سەردانی ڕانەگەیەندراوی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ‘ئەنتۆنی بلیكن’ بۆ عێراق، دووپاتی بوونی مەترسی دەكاتەوە لەسەر ئەم وڵاتە، بە شێوەیەك بە سەرۆك وەزیرانی عێراقی وتووە كە نابێ عێراق داڵدەی سەركردە هەڵاتووەكانی سووریا بدات و بە هیچ شێوەیەكیش نابێ ڕێگەبدات چەك لە ڕێگەی عێراقەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەم وڵاتە.

لە بەرامبەردا ئەمەریكا هاوكاری عێراق دەبێت لە دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی داعش، ئەمەش دەكرێت وەك مامەڵەیەك هەژمار بكرێت لەگەڵ شیعە دەسەڵاتدارەكانی عێراق، كە لە بەرامبەر مانەوەیان لە دەسەڵات دەبێت كۆتایی بە هەژموونی ئێران بهێنن، هەروەك چۆن بەشار ئەسەد سەرۆكی لە كارلادراوی سووریا نەیتوانی سەركەوتوو بێت لەم مامەڵەیە، شیعەكانیش لە عێراق سەركەوتوو نابن، بە هۆكاری ئەوەی حكومەتی عێراقی دەسەڵاتی نییە بەسەر میلیشیاكان و هێزە نزیكەكانی ئێران، بۆیە ناردنی چەك و داڵدەدانی هەڵاتووانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دێتە كایەوە، ئەمەش ئەمەریكا دەستكراوە دەكات لە پاڵپشتی گۆڕانكارییەكان لە عێراقدا.

پوتن: 30 هەزار سەربازی سووریا و ئێران لەبەرامبەر 350 چەکداردا هەڵاتن
پێت پوتن: 30 هەزار سەربازی سووریا و ئێران لەبەرامبەر 350 چەکداردا هەڵاتن
بۆچی (شۆڕشە ئیسلامییەكەی سووریا) هەمووانی ترساندووە؟!
دوات بۆچی (شۆڕشە ئیسلامییەكەی سووریا) هەمووانی ترساندووە؟!
پەیوەنیدر