وەزیری بازرگانی سەردانی بارەگای کۆمپانیای گشتی دروستكراوی دانەوێڵەی کرد و لەگەڵ کارگێڕی کۆمپانیاکە و كارمەندانی كۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی نیشتمانی بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفری بازرگانی.
ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانی عێراق ئاشكرای كردووە، کە شەش ئاش لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووە و ٣٠ کارگەی خواردن و خواردنەوە داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بەشداری پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر بکەن.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەكە، ئەسیر داود غرێری جەختی لەسەر پێویستی هاندانی خاوەن نانەواخانە و فڕنەكان کردەوە بۆ بەکارهێنانی بەرهەمی ئاردی ناوخۆیی بۆ پشتگیریکردنی پیشەسازی نیشتمانی و بەدەستهێنانی خۆبژێوی.
وەزیر ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد، کە کۆمپانیاکە بەدەستیهێناوە لە جێبەجێکردنی سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ کارگەکانی حکومی و ئەهلی، جەختی لەسەر پێویستی تەواوکردنی گۆڕانکارییە دیجیتاڵییە گشتگیرەکان کردەوە.
وەزیری بازرگانی جەختی لە پاڵپشتی تەواوی وەزارەت کردەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پڕۆژەی نیشتمانی بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر و بەرزکردنەوەی کارایی ناوخۆیی بەرهەمهێنان بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئابووری نیشتمانی بکات.