وەزارەتی ناوخۆ داوا لە سەرجەم فەرمانبەر و ئەفسەرەکانی دەکات هەرکەس کارتی نیشتمانی نییە پەلە بکات لە دەرهێنانی و جەختدەكاتەوە، کاریگەری لەسەر مووچەکانیان دەبێت .
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ لە نووسراێکدا، کە بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نێردراوە داوا دەکات، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندەکانیان ئاگادار بکەنەوە، ئەگەر کارتی نیشتمانییان نییە بەزوترین کات دەری بکەن، چونکە کاریگەری لەسەر مووچەکانیان دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە، هەر کەسێک بە هەر هۆکارێک دەستی ناگاتە بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆی بەتایبەت فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکانی ماددەی 140 ئەوا دەتوانن سەردانی بەشی تۆمار بکەن لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و کارتی نیشتمانی هەولێر یاخود دهۆک بۆ ئەوەی بە خێرایی کارەکانیان بۆ ڕایی بکرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمە بەشێکە لەو داواکاری و پێداوییستییانەی حکومەتی فیدڕاڵی داوای کردوە و کاریگەری لەسەر مووچەی هەر کەسێک دەبێت، کە کارتی نیشتمانی نەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەی چەند ڕۆژێكە لیژنەیەكی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەرێمی كوردستانە و بڕیاریان داوە لە ئامادەكردنی لیستی مووچەدا خانەكانی كارتی نیشتمانی و بەرواری دامەزراندن تۆمار بكرێت.