یاسین ئافتاو
برای ئەزیز؛ خوشکی خۆشەویست؛ ئەز کوردم، نە مایەی شەرمە نە شانازیی، ئەگەر مولحیدیت ئەوە دەزانیت کە کوردبوونمان بژاردەیەکی سرووشتییە، ئەگەر باوەڕداریت وەکو من ئەوە جەعلێکی خوداییە، ئەم کوردبوونە ناچارم دەکات، هەرچییەک کوردییە و پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە و جوانە خۆشم بووێت، ئەوە لە دەستی مندا نییە، ئەوە جینی خۆویستیی و خودئەڤینیی دەستەجەمعییە.
بە سەربەرزیی و داهێنان و باشیی کورد وەکو گوڵ دەگەشێمەوە، بە زەبوونی و دەستەوەستانیی و خراپیشی سیس دەبم، چۆن لە هەرێمی کوردستان بەدڵ و بەگیان بەرگریی لە هەرێمە خۆشەویستەکەمان دەکەم، ئاوا و بگرە زیاتریش بەرگریی لە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و شۆڕشی ژینا و بەرخۆدانی باکووری وڵاتەکەم دەکەم، وەکو چۆن لەگەڵ سەربەخۆیی و ماڵجیایییم لە باشوور، بە هەمان ئاوا لەگەڵ سەربەخۆیی و ماڵجیایی باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاڤاشم.
ئێمە ئەگەر لێرە بەرانبەر دەسەڵاتی خۆماڵییانەی خۆمان ڕەخنە و یاخییبوون و ناڕەزاییمان هەیە، بۆ ئەوە نییە پشییپشیی بۆ دەسەڵاتی مەزهەبگەرای دواکەوتووی بەغداد بکەین بگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە ئێمە لەوان چاتر بین و شەرمەزارییشە لەوان چاتر نەبین، بە هەمان ڕەزم مامەڵە لەگەڵ هەر لەتێکی بڕدراوی جەستەکەی کوردانەمان دەکەم.
ئێستا کە منداڵە هەرە بچووکەکەی خانەوادەکەمان، خوشکە نازدارەکەمان (ڕۆژاڤا)؛ لەژێر هەڕەشە و گەڤی ڕفاندن و ئەتککردندایە، ئێمە چ خوشک و براگەلێکی بێفەڕ و بەدئەخلاق و شەرەفسز دەبین ئەگەر لێگەڕێین ئەو کارە ڕوو بدات؟! ئەوە چ شەهامەتێکە بەبەرچاوتەوە خوشکە هەرە نازدارەکەت، خوشکە بەهێز و بەورئاساکەت، لەگەڵ تاریکترین هێزەکانی جەنگەڵی سووریا تێکگیرا بێت و تۆش بە لەوچەلەوچێکی ئۆرۆستۆکراسییانەوە دانیشیت ئامۆژگارییان بکەیت کە نەدەبوو لەگەڵ ئەوەی هەوڵی ڕفاندن و ئەتککردنی دەدات؛ وای بکرادیە و وای نەکردایە؟! ئەمەیە ڕۆحی کوردبوون؟! ئەمەیە وەسێتی خانیی و کۆیی؟ ئەمە ئەو وانەیەیە کە دوای هەزاران ساڵ لە خۆخۆریی فێری بووین؟! ئایا کاتێک ئەو خوشک و برایانەمان کە بەشێکیان بێگومان ڕۆژئاڤایی بوون و لە مەخموور بە خوێنی خۆیان زەویی بەپیت و فەڕی قەراج و کەندێناوەیان گەشتر و بەپیتتر کرد پرسییان کە ئێمە چۆنیین و چییمان کردووە؟ پرسییان بۆچی بە هاتنی داعش گەشبین بووین؟ کردیان بەمەرج بەسەرمانەوە کە مادام پێشتر وامان کردووە و وامان نەکردووە بەدیار سەربڕینمانەوە دادەنیشن و پێمان دەڵێن: اذهبوا انتم وربکم فقاتلوا انا ها هنا قاعدون؟؟؟؟!!!!!
پێویستە بۆ ساتێک واز لە سیاسەت بهێنن، ئەوەی پێی دەوترێت هونەری شیاوەکان؛ هەی تف لە سیاسەتی وا، دەبێت شەرەفی کوردانە (ئەگەر هەمانە) بخەینەگەڕ و بە هەرچیی هێزمانە بەرگریی لەو ڕۆڵە بەجەرگ و زرنگ و ژیرەمان بکەین؟ ئاخر کفر نییە مەزڵووم کۆبانێ شکست بهێنێت و ئەمیرە منداڵکوژ و خۆکوژەکان سەرکەون؟ گوێی شەیتان کەڕ بێت و خوانەخواستە ئیلهام ئەحمەد شەهید ببێت و میرە بەکرێگیراوەکانی جەنگ بیبەنەوە؟ ئایا دەبێت چەندجار 300 منداڵی کورد لە سینەماکانی وەکو عاموودادا بسووتێنرێن بۆ ئەوەی غیرەتی کوردانەمان بجووڵێت و باز بەسەر هەر ئیعتیبارێکدا بدەین و بێ هیج شەرت و مەرجێکی ناماقووڵ بەرگریی لە خوشک و براکانمان بکەین.
خۆ لە خراپترین حاڵەتدا؛ ئەگەر ئێمە بە هانای ئەو گوڵخوشکەشمانەوە نەچین، پێتان وایە ئیتر ئەو تەواو کەوتووە و ئەلفاتیحە؟ بێگومان نەخێر؛ ئەو خوشکە خۆ وەکو ئەو کچ و ژنە بۆش و سافیلکە و ترسنۆکانە نییە کە لە خەیاڵدانی ئێمەدایە؛ ئەو تەوارە، بەورە، شێرە، جگە لەوەی کە دەرفەتگەلی زۆری لەبەردەستدان بۆ ئەوەی جەنگەکە بباتەوە؛ دونیایەک هاوکێشەی سیاسیی هەن کە ڕەنگە ببنە هۆی سەرکەوتنی.
خۆ ئەگەر ئەوەشی کرد؛ ئەوە لەمێژوودا جگە لە ڕووڕەشیی و ڕیسوایی زیاتر شتێک بۆ ئێمە نامێنێتەوە: خراپترین برا و خوشکگەلێک کە دەستبەرداری خوشک و برایەکی خۆیان بوون و تەنیا جێیان هێشتن لەبەردەم کەڵبەی دڕەندەکاندا.
چەند شەرمەزارییە نەتوانین نیوەی ئەوەی بۆ غەززەمان کرد بۆ ڕۆژاڤاشی نەکەین، بێگومان ئەوەشی بۆ غەززەمان کرد هەقی خۆی بووە و هەر ئەو هەستە مرۆییە لە ئێمە دەوەشێتەوە با حەماس و هەنییە و هەموو فەڵەستینییەکیش سەددامی جەلادمان بە موجاهید و پیاوی خودا بزانن، ئەی بۆ ئەو پارچەیەی جەستەی خۆمان دەبێت چیی بکەین؟ شەرم نییە نەتوانین لانیکەم خۆپیشاندانێکی سەدهەزاریی لە دژی هێرشەکانی تورکیا چەندجارێک دووبارە نەکەینەوە؟! ئەگەر کوردین، کوردێکی ڕاستەقینە؛ دەبێت بلەز بیر بکەینەوە کە دەبێت شتێک بکەین…
هەرچییەکت لەدەست دێت بیکە، قسەی باش و هاندان، کردەوەی کاریگەر، پەیوەندیی و ئاگادارکردنەوەی خەڵکانی دیکە، هەر کەسێکێش دەنگی بە خودا دەگات با شاعیروتەنی پێی بڵێت “هیممەتێک بکات؛ گوڵەکان لەژێر هەڕەشەی ملقرتاندن و لێکردنەوە و پەژمووردەکردندان”.