وتەبێژی یەکێتی لەبارەی حکومەتی داهاتووی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت” یەکێتی دەیەوێت حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی تەندروست و پەرلەمانێکی چالاکی هەبێت”.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە میانی لێدوانێکیدا بۆ میدیای حزبەکەی ڕایگەیاند، یەکێتی لەکۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی تەئکیدیکردووەتەوە، کە پێویستە ئەو لایەنانەی پۆستی حکومی وەردەگرن دەسەڵاتی تەواویان پێبدرێت، نەک وەک ئەوەی لەڕابردوودا بینیومانە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئێمە هەڵوێستمان ڕوونە، پێویستە رێڕەوی حکومڕانی راستبکرێتەوە، و تەئکید دەکەینەوە لەسەر حکومەتێکی خزمەتگوزار بۆ خەڵک، چونکە لەئێستادا خەڵک متمانەی بە حکومەت و پەرلەمان نەماوە و پێویستە ئەو متمانەیە بگەڕێنینەوە.
پیرە وتیشی، پێویستە یەکێتی و پارتی پێکەوە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن، بۆ ئەمەش کاتیان لەبەردەستدا هەیە، بەڵام یەکێتی دەیەوێت حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی تەندروست و پەرلەمانێکی چالاکی هەبێت”،
لە کۆبوونەوەی یەکەمی نێوان یەکێتی و پارتی لیژنەیەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و دابەشکردنی پۆستەکان پێکهێنرا، هاوکات هەردوولا کۆکبوون لەم قۆناغە هەستیارەدا تەبا و هاوهەڵوێست بن بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکان.