ئەبوبەکر کاروانی – سیاسەتمەدار
دۆخێکی نوێی وا لە سووریا هاتۆتە کایەوە، کورد و هێزەکانی ڕۆژئاوا نەك هەر خۆیان بۆ ئامادە نەکردبوو، بەڵکو بەدانپیانانی بەرپرسەکانیان دووچاری جۆرێك لە شۆکبوون بوون، بەرامبەر هەرەسهێنانی خێرای هێزەکانی بەشار و چارەنووسی هەریەك لە ڕوسیا و ئێران لەو وڵاتەدا.
واتە بیرکردنەوە و گرەو و خۆڕێکخستنیان لە چوارچێوەی هاوکێشە کۆنەکەی پێش ڕووخانی ڕژێم و هاوسەنگییە سیاسی و سەربازیەکانیدا بووە، ئەوەش وایکردووە هەندێک ئەرك کە دەبوو پێشتر وەك زەمینەسازی بۆ دۆخە نوێکە ئەنجامی بدەن، کە چەندین ساڵە داوا دەکرێت ئەنجامی نەدەن، هەروەها ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە تواناکانی ئەوان گەورەتر بێت، نەشتوانن بەو خێراییەی ڕەوشەکە دەچێتە پێشەوە خۆ لەگەڵ ئەو جەبرەکانیدا بە گوێرەی پێویست بگونجێنن.
کوردی ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش هێزە بنەڕەتیەکەی کە چەك و زەوی و ئیدارەی بەدەستەوەیە، کەوتۆتە نێوان بەرداشی تورکیا و ئەمریکاوە.
تورکەکان، لە سۆنگەی ئەوەی بە سەرکەوتووی دۆخەکە دادەنرێن و دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق خۆیان بەقەرزاری دەزانن، تاڕادەیەکی بەرچاو دەرگای لە بەردەمدا واڵایە.
ئەگەر جاران دەوترا بوونی سووپاکەی لە ناو سووریا ناڕەوایە، چونکە لە سەر داوای حکومەتەکەی پێشوو نەهاتوونەتە ناو وڵاتەکەوە، ئەوا لە ئێستادا ئەوانی تر ناڕەوان هەر ئەم ڕەوایە، ڕووپۆشی یاساییش بۆ شەرعیەتدان بە مانەوەیان تەنها بڕیارێکی دیمەشقی تێدەچێت، هەرخۆشی سبەی مەشق بە سوپای نوێی سوریا دەکات و ئەوەش جۆرێک لە هەژموونی بۆ دروستدەکات، بەتایبەتیش ئەگەر ئەم سەرکردایەتییە سیاسەی ئێستا لە ئەنقەرە لەسەر کار بمێنێت کە خاوەنی تێزی بە چەقکردنی تورکیایە وەك زلهێزێکی ناوچەیی قسە بیستراو لە ئاستی جیهاندا.
لە ڕوویەکی ترەوە تورکیا لە ئێران و ڕوسیا جیاوازە، ئەگەر هەندێ حکومەتەکەشی لای هەندێ ناوەند نەخوازراو بێت، وەك دەوڵەت ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە، پەیوەندی دیبلۆماسی و بازرگانی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و دەتوانێت زۆر شتی بۆ بکات کە بە هێزی تر ناکرێت.
زۆرینەی سووننەی عەرەبی سوریا بە ڕزگارکەری خۆیانی دەزانن، لانی کەم لەم قۆناغەدا، هەربۆیە بانگەوازەکەی ئیدارەی خۆ سەر و هەسەدە بۆ جیهان بۆ ئەوەی هاوشێوەی جاران، واتە بەرگریکردن لە کۆبانێ دژ بە داعش، بەرامبەر سوپای ئازاد و تورکیاش پشتیوانیان بکەن، زۆر گوێگری نابێت.
ئەگەر گرەوی گەورەش لەسەر بوونی ئەمریکا بێت بۆ نەکەوتنی کۆبانێ و ناوچە کوردییەکان، کە هەر وابووە و وایە، پێدەچێت لە سۆنگەی ئەو گۆڕانە قوڵەی ڕووخانی ڕژێم درووستی کردووە و ئەو ڕۆڵە گەورەی تورکیا لە سووریا و ئێستای ناوچەکدا دەیگێڕێت، دیسان هاوشێوەی جاران نەمابێت بە گوێرەی پێویست گرەوی لەسەر نەکرێت.
چونکە ئەمریکا پێش ڕووخانی ڕژێم لە بەرامبەر سێ هێزی نەیاری خۆی، واتە ڕوسیا و ئێران و ڕژێم، بە بیانووی جەنگی دژ بە داعش جوگرافیای ئیدارەی خۆسەری کردووە بە ناوچەی نفوزی خۆی بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر هاوکێشەکانی سووریا هەبێت و گۆرەپانەکە بە تەواوی بۆ ڕوسیا و ئێران چۆڵ نەبێت، گەرچی سەرەڕای ئەوەش گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد بۆ ئەوەی هەندێ ناوچە لە دەست ئیدارەی خۆسەر دەربهێنێت.
لە کاتێکدا ئێستا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نوێی سوریا پێویستی بە تورکیایە وە خۆی ڕاستەوخۆ لە دیمەشق ئامادەیی دەبێت ئەوەش دۆخێکی جیاواز دێنێتە کایەوە، بۆیە ئەمریکییەکان گەر بۆ ماوەیەکیش هەوڵدەن تورکیا و هێزە هاوپەیمانە سورییەکانی قەناعەت پێبکەن پەلاماری هەندێ ناوچە نەدەن تاسەر ئەوە ناکەن و ئاسانیش نییە بیر لەوە بکەینەوە، لەبەر خاتری هەسەدە و کورد شەڕی سووپای تورکیا بکات.
بەتایبەت کە لە عێراقیش بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی بەدەستیەوەیەتی پێویستی پێی دەبێت، مامەڵەکردنیشی لەگەڵ تەحریری شام لە ڕابردوودا زیاتر هەر لە ڕێگەی تورکیاوە بووە، ئەویش بەزەمانەتکاری یەکەم دەزانێت بۆ ئەوەی ڕژێمێکی تووندڕەو لە سووریا نەیەتە سەر کار، بەردەوامیش ئەوەی دووپاتکردۆتەوە کە هاوبەشی ئەو لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتدا لە چوارچێوەی جەنگ لە دژی داعشدایە نەك شتێکیتر.
ئەو ئامانجەش لە ئێستادا دەتوانرێت لەلایەن دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق و تورکیاوە بێتەدی و گرەنتی بکرێت.
لێرەشەوە چارەنووسی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە دەکەوێتە بەردەم چارەنووسێکی تاڕادەیەك نادیارەوە، ئەگەر هەسەدە شەڕی مان و نەمانیش بکا. وەك خۆی دەڵێت قورس دەبێت تا سەر بتوانێت پارێزگاری لە یەکییەتی ڕیزەکانی و بەرگری لە ناوچە کوردییەکان بکات، بەوەش ئامانجی تورکیا بەشێکی دێتە دی کە تێکدانی ئەو دیفاکتۆیەیە لە ساڵانی ڕابردوودا درووستکراوە، بۆ ئەوەی لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا نە کارتی فشار بمێنێ و نە هەوڵی ئەوەش بدرێت هەمووی یان بەشێکی ڕووپۆشی دەستووری بۆ پەیدا ببێت.
چونکە تورکیا بەدەر لە قۆناغی ڕاگووزەری لەسەر ئاستی سووریا، سەبارەت بە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر قۆناغی ڕاگوزەری تایبەت بە خۆی هەیە کە لە ڕووخانی ڕژێمەوە دەستپێدەکات تا زەمینە سازکردن بۆ نووسینەوەی دەستوور، پێشم وایە ‘۳۰’ ڕۆژی داهاتوو لەم ڕووەوە چارەنووسسسازە.
ئەوەی لە بیری تورکیادایە، کۆتایهێنانە بە هێزەکانی سوریای دیموکرات و زۆربەی یاخود کۆی ئیدارەی خۆجێی پێش ڕێکخستنەوەی سیاسی و سوپای سوریا، لەبەرئەوەی نەك هەر نایەوێت ئەوهێزانە بمێنن، بەڵکو ناشییەوێت ببن بە بەشێك لە سوپای داهاتووی سوریا، چ جای دۆخێکی تایبەتیان هەبێت، یەك دوو ڕۆژیشە جەنگە دەروونییەکەی بە شێوەیەکە وێنای هەسەدە لەگەڵ کۆنتراگەریلا و پاشماوەکانی ڕژێم و دژە شۆرش تێکەڵ بکات، بۆ ئەوەی پاساو و ڕەهەندێکیتر بە جەنگ دژیان بدات.
شپرزەیی ناوخۆییە کوردییەکەش لەم ڕووەوە هەندێک یارمەتیدەرە، گەر دۆخەکەش بەم جۆرە بچێتە پێش کە وێنامان کرد، کە هیوادارین لانی کەم پڕاوپڕ وا نەبێت، بژاردەکانی بەردەم هەسەدە زۆر سنووردار دەبن، دۆخی پێشبینیکراو لە عێراقیش لە قازانجی نابێت، لەبەرئەوەی پێشبینی دەکرێت، پاڵپشتی لۆجستی و توانای مانۆر و پشتێنەی خۆپارێزی و کشانەوەی لە بەردەمدا تەسبکاتەوە.
دەمێنێتەوە ئەوەی بپرسین ئایا چارەنووسی هەسەدە و هەپەگە و پەیەدە یەکسانە بە چارەنووسی کورد لە ڕۆژئاوا؟ واتە تورکیا هەر کێشەی لەگەڵ باڵادەستی پەیەدە و هەپەگە هەیە، یاخود خودی بیرۆکەی هەرێمی دووەمی کوردستانی دوای هەرێمی کوردستان با بە پوختیش کوردی نەبێت بەدەست هەرکەسەوە بێت لەوانەش ئەنەکەسە ڕەتدەکاتەوە؟
پێدراوەکانی تا ئێستا ئەوەمان پێدەڵێن تورکیا دژایەتی هەرجۆرە خود بەڕێوەبەریەکی کوردییە لە سووریادا، تێگەیشتنی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتەدا، هاوشێوەی تورکیا لە هاوڵاتێتی یەکسان و هەندێ مافی کلتووری تێپەر ناکات؟ لەگەڵ هێشتنەوەی پەراوێزێك بۆ ئەگەر و پێشهاتی تر لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوەوە.
ئەگەر ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی واقیعەکە بێت داخۆ عەقڵی سەرکردایەتی کورد لە و پارچە و پاڵپشتەکانی لە پارچەکانی تر، ئەوەندە توانای دەستپێشخەری و تەوق شکاندن و یەکخستنی توانا نیشتیمانیە کوردستانییەکەی ماوە، بتوانێ ڕێگایەکی تر بە قازانجی دامەزراندنی دووهەمین هەرێمی کوردستانی بدۆزێتەوە و کاریگەری خۆی بخاتەڕوو بەمەش دەرگایەکی فراوانتری مێژوو بەڕووی کۆی پرسی کوردا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بکاتەوە؟
بەو ئومێدە…