ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبییان کردووە و لەو بارەیەشەوە داواکاریی ڕاشکاویان ئاڕاستەی عێراق کردووە.
ئیبراهیم سومەیدەعی، ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر حکومەتی عێراق لە زیادبووندان بۆ چەککردنی ملیشیاکان و ڕایگەیاند، بە ڕوون و ڕاشکاوای داوای چەککردنی گروپە چەکدارەکانمان لێکراوە، ئەویش وەک هەوڵێک بۆ سەقامگیرکردنی عێراق و پاراستنی سەروەرییەکەی.
وتیشی: “حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی بەهێزی فەرمییە، بەڵام هەندێک گروپ چوونەتە ژێر چەتری حەشدەوە و ئەوەش گومانی لای ئەمریکا و ڕۆژئاوا دروست کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و دەوڵەتی هاوتەریب دەکەن”.
ڕاوێژکارەکەی سوودانی ڕاشیگەیاند، دەکرێت بە بڕیارێکی سیاسی کۆتایی بەو حاڵەتە بهێنرێت و پێمانوایە بەمنزیکانە دووانەی دەوڵەت و مقاوەمەت کۆتایی دێت.