ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق تەنها 9 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لایە و ئێستا مەترسی لەسەر نەماوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، موزهیر محەمەد، ڕاوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق لە ژێر باری گەورەی قەرزە دەرەکییەکان ڕزگاری بووە و لە وڵاتێکی قەرزدارەوە بووە بە قەرز بەخش بە وڵاتانی دیکە.
وتیشی: “ئەو قەرزەی لەسەر عێراق ماوە لە 9 ملیار دۆلار کەمترە و لە ئێستاوە تا ساڵی 2028 دەدرێتەوە”.
ڕۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە کە سوودانی چاکسازی لە سیستمی دارایی عێراقدا کردبووە کاری لە پێشینەی حکومەتەکەی و ئەوەش لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەرەنجامی گرنگی لێکەوتەوە.
موزهیر محەمەد ڕاشیگەیاند، ئەو پارەیەی کە بۆ دانەوەی قەرزەکە تەرخانکراوە لە 5٪ی کۆی داهاتی ناوخۆ تێپەڕ ناکات.