کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی کۆتایی هات و لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیشدا دەڵێن،لە پێکهێنانی حکومەتدا بەرژەوەندی هاووڵاتییان لەبەرچاو دەگرین.
ئەمڕۆ سێشەممە، هەردوو شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە و تێیدا “بارودۆخى ناوچەکە و ئەو گۆڕانکاریانەى کە هاتوونەتە ئاراوە و کاریگەرییان لە سەر عێراق و هەرێمى کوردستان، خرانە بەرباس”.
بە پێی ڕاگەیەندراوی دوای کۆبوونەوەکە “هەردوولا کۆک بوون لەسەر تەبایى و هاوهەڵوێستى لە پارێزگاریکردنى بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا”.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەتى هەرێم و هەنگاوەکانى پێویست بۆ سەرخستنى ئەو پرۆسەیە کرا و “هەردوولا هاوڕابوون کە بە زووترین کات کار لەسەر ئامادەکردنى بەرنامەیەکى هاوبەش بۆ ئەو بنەمایانەى کە حوکمڕانیى کوردستانیان بۆ قۆناغى ئایندە لەسەر بەڕێوەدەچێت بکەن، بەشێوەیەک کە پارێزگارى لە پێگە و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و ماف و بەرژەوەندییەکانى هاووڵاتیان و سەرجەم پێکهاتەکانى بکات”.
لەم ڕووەوە بڕیاردرا لیژنەیەکى هاوبەش کار لەسەر ئامادەکردنى ڕەشنووسى ئەو بەرنامەیە بکات بۆ کۆبوونەوەى ئایندە.
١٧ى کانوونى یەکەمى ٢٠٢٤