پەند لە ڕژێمەکەی ئەسەد وەرگرن…



عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا

لە پێشدا دەمەوێ ئەوە بە بیر هەموو لایەک بهێنمەوە، ئەسەدی یەکەم، لە گەرمەی شەڕی ساردی نێوان دوو جەمسەری جیهانی و لە چوارچێوەی داڕشتنەوەی نەخشەی دەڤەرەکە و لە ژێر ڕۆشنایی بەرژەوەندی زلهێزەکان، بە سواری شەمەندۆفێری یەکێتی سۆڤیەت هاتە سەر حکوم، لەوێ دەمێەوە بە گەرموگوڕیەوە لە نێو گەمەی سیاسی و وەکو ئامرازێک بۆ بەرجەستەکردنی بەرژەوەندییەکان، لە ژێر هەژمونی بلۆکی ڕۆژهەڵات باڵکێش بوو.

باکی بەوەش نەبوو گەلی سوریا بە چ ئاقارێک دەبات، سەرەنجام خوا بۆ خۆی بردیەوە و ئەرکەکەی تەواو نەکرد، ئەوەی هەبوو نەبوو بۆ کوڕە بێ ئەزموونەکەیی بەجێهێشت، ئەویش چونکە موتوربەی هەمان مەدرەسەی فکری باوکی بوو، درێژەی بە بەندایەتییەکەیدا، بێ لێکدانەوەی ئەوەی گۆڕانکاری گەورە هاتۆتە پێش، دەبێت حساب بۆ ورد و درشتی بکرێت، هەر بەوەندە خۆی پێنەگیرا، ئیتر کەوتە ناو گێژاوی ململانێ، جارێک قەومەچیاتی و کەڕەتێکیتر مەزهەبی، ماوە ماوەش لە بن لێوان ورتە ورتی منهاجی کۆنە دۆستەکانی، بەشێوەیەک بە تەواوی نوقمی ئەجیندا بێ سەر و سەوداکان بوو.

کار گەیشتە سەر ئەوەی هەموو ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندیان لەو دەڤەرە هەبوو، چاویان لەسەر سوریا بێت، لە پەنایەوە تەون و بەستەک هەڵچنن، تەنها ئەسەدی کوڕ خودی خۆی نەبێت کە تەنها و تەنها ڕاستە و ڕاست و پێشەوەی خۆی بە مەسافەیەکی کورت دەبینی، بێ ئاوڕدانەوە بەملا و ئەولا بە گشتی و گەلەکەی بە تایبەتی بێ ئاگا لە بارودۆخەکە یان بێ ئاگا کرابوو، درێژەی بەو ئاڕاستە پڕ لەسەر کێشیەدا وڵاتەکەی خەڵتانی خوێن کرد و کردیە دۆزەخ،

کە سیما دیارەکانی، گرتن، کوشتنی جۆراجۆر، برسیکردن، هەژمار نەکردن بۆ پێکهاتەکان، ئەوەتا بە بەرفراوانیەوە، لە چاوی میدیاکانەوە دەبینین، لەو وڵاتە چ کارەساتێک قەومێنراوە کە نەسەری هەیە نە بن، هەر چەندە من تێبینم لەسەر شێوازی ڕوخانەکەی و ئەم بارودۆخەی ئێستای ئەو وڵاتە هەیە، بەڵام ئەمەی کە ئێستا دەیبینین، ڕاوە ئەسەدیەکان و هاوبچمەکانیەتی کە قەیسەریان لێ بۆتە کونە مشک، دڵنیام درێژەی دەبێت و بە چراوە بە دوایایانەوە دەبن.

بە هەر حاڵ ئەم خستنەڕوە کورتەم بۆ ئەوەیە بە سەرانی حکومەتی هەرێم بڵێم، پەند لە ڕژێمەکەی ئەسەد وەرگرن، دیتتان ئەو ڕژێمە هەموو شتێکی قێزەون و ناشیرینی دەرهەق بە کۆمەڵانی خەڵکەکەی ئەنجامدا، کە بە کورتی ئاماژەمان بە هەندێکی دا، بەوەش نەوەستا لە ئاخیری خۆی و هێلکەکانیشی خستە ناو سەبەتەی چەند وڵاتێک، هەرچەندە لە دوا هەڵبژاردن بە حیساب ٩٥٪ دەنگی سوریەکانی بە دەست هێنابوو، لێ دادی نەدا و بە زەلیلی و سەرشۆڕیەوە وڵاتەکەی بە جێهێشت، پێموایە بەوەش وازی لێناهێنن بە دواوەی دەبن، بە دڵنیاییەوە ئەوە نمونەیەکی زۆر زەق و دیارە بۆ ئەوانەی بەرپرسن لە ئیدارەی ئەم هەرێمە کە دەبێت پەند و عیبرەت لەوەی کە ڕوویدا لە سوریا وەرگرن.

بتانەوێ نەتانەوێ ، خەڵک زۆر پڕ بووە و مەجالێکی زۆری نەماوە، هەتا زوە:

-گوێ لە داواکاری خەڵک بگرن و چیترئەمڕۆ و سبەی مەکەن

-وتاری کوردی یەک بخەن، بە شێوەیەک کوردی کوردی بێت، دوور لە ناحەزان و داگیرکەران.

-هەرچی پێتان دەکرێت، ئەوەی هەتانە و نیتانە بیخەنە خزمەتی ئەو میللەتە بە وەفا و بە ئەمەکە، ئاخر ئەوان هەموو شتێکیان بۆ ئێوە کردووە، لێمەگەڕێن ببێتە میرات و بستێک ئەرزیشتان بۆ گۆڕەکانتان بە چنگ نەکەوێت.

ماوەتەوە ئەوەتان پێ بڵێم، کە لە دڵسۆزی خۆمە بۆ ئەم خاکە و ئەم گەلە خێر لە خۆ نەدیوە، ئەوەی ئێستا لە هەرێم دەگوزەرێت، ئەگەر دەقاودەق لە سوریا نەچێت، بێگومان زۆر دەڵەمەیە هۆکارەکانیش دیارن، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی زۆر شتی نەرێنی بن.

ئەو کات نە باقە دۆلار و نەسکەی زێر، نە چەک و ئەسلحە، نە دەنگی بە هەڕەشە و بە گوڕەشە و بە زۆر داد نادات و دەبێتە بڵقی سەرئاو، لە تاقیکردنەوەکانی دونیاوەش فێربووین، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها خزمەتی هاووڵاتییان و ڕێزگرتنە لە خەبات و قوربانیەکانیان، ئەوەیتر هەمووی جارانی هیچ دەبێت.

ڕێباز حەملان: مووچەی مانگی 11 کورتهێنانی گەورەی هەیە
پێت ڕێباز حەملان: مووچەی مانگی 11 کورتهێنانی گەورەی هەیە
سەعدی پیرە: حکومەتێک پێکدەهێنین متمانە بۆ خەڵک بگێڕێتەوە
دوات سەعدی پیرە: حکومەتێک پێکدەهێنین متمانە بۆ خەڵک بگێڕێتەوە
پەیوەنیدر