بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، كەشی وشكەسەرما و بێ بارانی كۆتایی دێت و شەپۆلێكی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور ناوچەكانی هەرێم دەگرێت و باران بارین دەستپێدەكاتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی سێ شەممە 17/12/2024 لە کاتەکانی شەودا بۆ ماوەیەکی کورت ئەگەری بارینی رێژەیەکی کەم بەفر و باران لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی پارێزگای دھۆک ھەیە و بەزوویی کۆتایی پێدێت و بەگشتی ئەم ھەفتەیە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەکەشێکی سەقامگیردا تێپەڕدەبێت و پلەکانی گەرماش تا ڕادەیەک جێگیر ئەبن و ئاسمان بە زۆری ساماڵ و پەڵە ھەوری بەرزی ئەبێت.
ڕاشیگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی ھەینی 20/12/2024 ئەگەری حاڵەتێکی ناسەقامگیری لاوازی دەریای سوور ھەیە بۆ سەر ناوچەکانمان لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەک لە ڕۆژئاوای دەریای ناوەراستەوە جیا دەبێتەوە بە باکوری کیشوەری ئەفریقادا جوڵە ئەکات بۆ سەر باکوری دەریای سوور لەم حاڵەتەدا ئەگەری تاوە بارانی رێژە کەم بۆ مامناوەندی پچڕ پچڕ ئەبێت لەگەڵ ئەگەری ھەورە بروسکە لە کات و شوێنی جیاجیادا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەرێژەی 2 تا 3 پلە بەگشتی لاوازەبێت و ئەگەری باران لەھەموو شوێنێک نابێت و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 21/12/2024 کۆتایی پێدێت .
ئەو شارەزا كەشناسییە وتیشی، “لە پاش ئەو حاڵەتە تا 25ی مانگ کەشی سەقامگیر بەردەوام دەبێت لە نێوان 25/12/2024 بۆ 29/12/2024 کۆتاییەکانی ئەم مانگە مۆدێلەکانی پێشبینی کەشوھەوا کۆکن لەسەر دروستبوونی شەپۆلێکی چەند ڕۆژەی باشی بارانبارین کە لەیەکگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و سوور پێکدێت و کاریگەری بۆ سەر سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ئەبێت و پێشبینی بارانێکی باش ئەکرێت و ھەروەھا پەڵەدانی ئەو ناوچانەی تا ئێستا بڕی پێویست بارانیان تیا تۆمارنەکراوە.