ئابووریناسێكی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، هەرێم لە فرۆشتنی نەوتەكەی لەمساڵدا دەتوانێت مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ بدات و دەشڵێت: حكومەتی هەرێم پارەی زیاتر لە مووچەی لەبەردەستە بۆچی دابەشی ناكات؟
نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانكۆ و ئابووری ناسی عێراقی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، فرۆشی نەوت لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە ١١٠ ملیۆن بەرمیل بووە، كە ئەمە بەسە بۆ دابینکردنی مووچەی ئەم سێ مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام ئەو پارەیە نە لە بودجەی حکومەتی هەرێم و نە لە بودجەی فیدڕاڵیدا نەخراوەتەڕوو.
مەرسوومی لە شیكارییەكدا بەناوی “بۆچی هەرێم مووچەی فەرمانبەران نادات؟” دەڵێت: ماوەی ٣ مانگە فەرمانبەرانی هەرێم بێ مووچەن، سەرەڕای ئەوەی پارەی پێویست بۆ پێدانی مووچەی مانگی 10ی ڕابردوو هەیە.
وەك ئەو ئابووریناسە شیكاری بۆ كردووە:
– ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە نێردراوە بۆ مانگی تشرینی یەکەم (10) = 761 ملیار دینار
– داهاتی مانگانەی نانەوتی = 320 ملیار دینار
– ئەو بڕە پارەیەی مانگانە لە هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەنێردرێت = 20 ملیار دینار
– مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم = 995 ملیار دینار
کۆی گشتی ئەو بڕە پارانەی لەبەردەستی دەسەڵاتی هەرێمدایە = یەک ترلیۆن و ١٠١ ملیار دینار
دەشڵێت: ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستی هەرێمدایە بەسە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و زیادەكەشی 106 ملیار دینارە.
نەبیل مەرسوومی ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕە پارەی تریش هەن کە حیسابیان بۆ نەکراوە، ئەویش پشکی هەرێم لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کوردستان، کە دەکاتە 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و بەهای مانگانە لە 360 ملیۆن دۆلار کەمتر نییە، واتە نزیکەی 540 ملیار دینار، بەجۆرێك كە نرخی بەرمیلێک لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە دەفرۆشرێت دەکاتە ٤١ دۆلار.
جەختیشی كردۆتەوە، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، فەرمانبەرانی هەرێم تەنها 58 مووچەی تەواو و چارەکی مووچەکانیان بۆ ماوەی 44 مانگ وەرگرتووە، لە کاتێکدا بۆ ماوەی 18 مانگ بە هیچ شێوەیەک مووچەیان وەرنەگرتووە، کۆی ئەو مووچەیەی بە فەرمانبەرانی هەرێم نەدراوە، گەیشتووەتە 44 مانگ زیاتر لە 23 ترلیۆن دینار، جگە لە ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و پاداشتی ساڵانە.
دەشڵێت: “خوای گەورە یارمەتی فەرمانبەرانی هەرێم بدات بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم”.