پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بۆ ناوخۆی هەرێم تاوانێكی گەورەیە و دەشڵێت: بابەتی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە ژێر چارەسەردایە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بابەتێكە لەژێر دیراسەتكردندایە و ئێمە بۆچوونی خۆمان بە ئاشكرا بە لایەنە پەیوەندیدارەكان وتووە.
وتیشی، “هێنانی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانە بۆ ناو وڵات خۆی بۆخۆی تاوانێكی گەورەیە و ئەمە تاوانی هاووڵاتی نییە بە هیچ جۆرێك و تاوانی ئەو كەسانە نییە، كە ئێستا بەكاری دەهێنن، بەڵكو ئەبێت لەسنوورەكاندا ڕێگری لە هێنانی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بكرێت”.
جەختیشی كردەوە، دەبێت ئەم بابەتە بەشێوەیەكی ئاگایانە و دادپەروەرانە چارەسەر بكرێت، بۆئەوەی خۆمان نەبینە هۆكاری زیان گەیاندن بە سەدان هەزار هاووڵاتی خۆمان و لەولاشەوە ببین بە سەرچاوەی داهات بۆ چەند كەسێك، كە لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناكات.