شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، هێشتا لە بەشێكی ناوچەكان پەڵەی نەداوە و شەپۆلی بارانی كۆتایی ئەم مانگە دەتوانرێت تۆوی پێ بچێنرێت، هاوكات وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت: باران کەم باریوە و ئەم مانگەش دوایین وادەیە بۆ چاندنی گەنم و جۆ.
هیشام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، “لە سنووری سلێمانی و دهۆک پەڵەی داوە، بەڵام لە بەشی خواروو و ناوەڕاستی هەولێر پەڵەی نەداوە و بەشێکی زۆری جووتیارانی ئەو ناوچانە، کە پشت بە ئاوی باران دەبەستن بۆ گەنم و جۆ، لەبەر ئەو کەم بارانییەی ئەمساڵ هەیە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە تۆو بچێنن.”
وتیشی: “ئەگەر بارانبارین بەم شێوەیە بێت، ئەگەر زەوییەکانیشیان بکێڵن یان بێ بەرهەم دەبن یان بەرهەمیان کەم دەبێت.”
ڕاشیگەیاندووە، تاوەکو مانگی 12 دەتوانرێت گەنم و جۆ بچێندرێت، دوای ئەو وادەیە جووتیاران لەبەر مەترسیی شەختە ناتوانن تۆوەکانیان بچێنن، چونکە ئەگەر بەرهەمیشی هەبێت، شەختە لەناوی دەبات.
لای خۆشیەوە، شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “وەك پێشتر ئاماژەمان پێداوە بارانی پەڵە دەکەوێتە نێوان مانگی 11 و 12، كە لە مانگی 11 لەبەشێکی زۆری ناوچەكا پەڵەیدا و ئێستاش لەناوەڕاستی مانگی 12داین لەهەندێ ناوچە پەڵەی تەواوی نەداوە”.
ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی دواین گۆڕانکاری لەمەودای 20 بۆ 21 ی مانگ شەپۆلێکی تری دەریای سوور هەیه و ئەگەری زۆرە لەنێوان هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە نزیک یان کۆتایی مانگ شەپۆلی تری دابارین هەبێت، بەم شەپۆلانەش لەهەموو ناوچهكان دەتوانرێت بەربوومی پێ بڕوێنن و ئەگەری پەڵەدانی سەرتاسەری هەیە”.