سەندیكا و ڕێكخراوەكانی كەرتی تەندروستی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان بڕیاری بایكۆتی سەرتاسەرییان لە سبەینێ یەك شەممەوە ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هەفتەی پێشوو مۆڵەتی هەفتەیەكیان دابوو بە حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە.
سەندیكا و ڕێكخراوەكانی (پزیشكانی گشتی، كارمەندانی تەندروستی، كارگێڕانی تەندروستی، پزیشكانی ددان، پزیشكانی دەرمانسازی، كیمیایی و فیزیایی، بایۆلۆجی) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دووەم بەیاننامەیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت كرد و بڕیاری بایكۆتی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند.
وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، “بەهۆی خەم ساردی و گوێ نەگرتن بۆ خەمی خەڵك و هاووڵاتیان، ناچارین بڕیاری بایكۆتی دەوام لە ناوەندەكانی تەندروستی بدەین جگە لە شوێنە هەستیارەكان تا كاتی پێدانی مووچەی مانگی 10 و 11 لە ماوەی 10 ڕۆژدا و دیاری كردنی چارەنووسی مووچەی مانگی 12ی ئەمساڵ.
لای خۆشیەوە، هاوژین عوسمان، سەرۆكی لقی سلێمانی كارمەندانی تەندروستی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاوەیكردەوە، “كارمەندان و فەرمانبەرانی تەندروستی ئەمڕۆ ٥٤ ڕۆژە هیچ مووچەیەك دابەشنەكراوە و حكومەت ئەمساڵ ٣ مووچە قەرزارە، بۆیە جگە لەشوێنە هەستیارەكان بایكۆتی ناوەندەكانی تەندروستی مافی خۆتانە”.
بڕیار ئازاد، سەرۆكی كۆمەڵەی كارگێڕانی تەندروستی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، “لە ڕۆژی یەك شەممەوە بەرواری ١٥ / ١٢ / ٢٠٢٤ سەرجەم ڕێكخراوەكانی ناوەندی تەندروستی بڕیاری بایكۆت دەدەین تا وەرگرتنی مووچەكانی مانگی ١٠ و ١١ و١٢ی ئەمساڵ”.
ماوەی نزیكەی 60 ڕۆژە مووچە نەدراوە بە مووچەخۆران و لە ئێستادا حكحومەتی هەرێم مووچەی 76 ڕۆژی مووچەخۆران قەرزدارە و سەرباری هاتنی زیاتر لە 761 ملیار دینار لە بەغداوە، بەڵام ئامادە نییە بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بكات.