محەمەد حاجی مەحمود ڕایدەگەیەنێت، تەیف سامی ڕەنگە دراوسێکەی خۆی نەیناسێ بەس ڕاگەیاندنی کوردی گەورەی کردووە و دەشڵێت: تا ئێستا دوو حكومەت لە هەرێم هەیە، پارەی دەروازەكان حزب كۆی ئەكاتەوە نەك حكومەت.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ میدیای فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاند، من پێم وانیە داهاتی كوردستان ئەوەندە كەم بێت نەتوانرێت مووچەی پێبدرێت، ئێمە كاتی خۆی نەتیش نەبوو پارە لەبەغداشەوە نەدەهات بۆ ماوەی (12) ساڵ لە 1991 تا 2003 مووچەی موچەخۆران دەدرا لە داهاتی ناوخۆ و خزمەتگوزاریش دەكرا.
ڕاشیگەیاند، ئەوە دوو مانگە بەبێ هۆكار بەغدا مووچەی خەڵكی كوردستان نانێرێت ئەوە مەسەلەیەكی سیاسیە و مەسەلەیەكە شكاندنی شكۆی كوردە.
وتیشی، “تەیف سامی ڕەنگە دراوسێكەی خۆی نەیناسێت، كەچی ڕاگەیاندنی کوردی وایکردووە ئێستا هەموو مناڵێکی كورد ناوی ئەزانێت و دەزانێت چی بەدەستە، بڕیار لەدەستی ئەو ژنە نیە، بڕیار لەدەستی سەرۆك وەزیرانە خەڵكی خۆی گێل دەكات دەڵێن پەیوەندی بە تەیف سامییەوە هەیە، بڕیاری كۆتایی لای سەرۆك وەزیرانە نەك وەزیری دارایی”.
جەختیشی كردەوە، ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان نیە، مانگانە حزبەكان پارە لە حكومەت وەرئەگرن و دەشڵێت: تا ئێستا دوو حكومەت لە هەرێم هەیە، پارەی دەروازەكان حزب كۆی ئەكاتەوە نەك حكومەت.