وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، سەبەتەی خۆراکی مانگانە هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە و بڕێكی زۆر خۆراکی کۆگاکراو لە کۆگاکانی وەزارەتەکەیاندا هەیە.
ئەسیر غورەیری، وەزیری بازرگانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: دڵنیایی دەدەن لە ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا و بڕی پێویست و گونجاوی خۆراکیان لە کۆگاکاندا هەیە، لە سەرجەم ماددە خۆراکییەکانی کە لە سەبەتەی خۆراکدا دەدرێتە هاووڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە ساڵانی ڕابردوودا وەزارەتەکەمان تەنها بەشەخۆراکی بۆ حاڵەتی کتوپڕ و سێ مانگ کۆگا دەکرد، بەڵام ئێستا کۆگا کراوەکان بەشێوەی پلانی ستراتیجی واتە درێژخایەن رێکخراون و بەشەخۆراکی زیاتر لە شەش مانگ لەبەردەستتدایە، کە ئەوە زیاترە لەو بڕەی بڕیاری لەسەر دراوە و مانگانەش بەردەوام بڕی دیکە کۆگا دەکرێن”.
باسی لەوەشکرد، ئاسایشی خۆراک زۆر پارێزراوە، ئەگەر هەر دۆخێکیش ڕووبەڕووی ناوچەکە ببێتەوە ئەوا هێشتا مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک نییە.
وەک ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی عێراق باسی لێوەکرد، وەزارەتەکەیان سوورە لەسەر ئەوەی سەقامگیری لە بازاڕدا هەبێت و رێگە نادەن هیچ فرۆشگا و مارکێتێک پارەی زیادە بخاتە سەر هیچ ماددەیەکی خۆراکی.