محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، پێشوازی لە ئەنتۆنی بلینکن.وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان و هاوکاری هاوبەش کرا، هەروەها گفتوگۆ لەسەر و بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی ئێستای سووریا و ئەو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی کە پێویستە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سووریا و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە کرا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سودانی هەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانی کردنی سووریا لەم قۆناغە گرنگە نوێ کردەوە، هەروەها گرنگە وڵاتانی دۆست هاوکاری سوورییەکان بن لە بنیاتنانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئاشتی مەدەنی دروست بکات.
سەدانی جەختیکردەوە، کە پێویستە نوێنەرانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بەشداربن لە بەڕێوەبردنی وڵات، بۆ دڵنیابوون لە بەهێزکردنی سەقامگیری، و عێراق چاوەڕێی کردار دەکات نەک قسە لەو کەسانەی کە ئێستا بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە لە سووریا.
هەروەها وتیشی: پێویستە ڕێگە نەدرێت دەست درێژی بکرێتە سەر خاکی سوریا لە لایەن هیچ لایەنێکەوە، چوونکە ئەمە دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
لە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەسەر ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ لایەنی عێراقی و پێویستی ڕێزگرتن لە هەڵبژاردەکانی گەلی سووریا و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سووریا و هەمەچەشنی پێکهاتەکانی بێت، و ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی عێراق کرد، کە نوێنەرایەتی هاوبەشێکی سەرەکی دەکات لەناوچەکە.
هاوکات بلینکن، جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونی ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەئاسایش و سەروەری و سەقامگیری عێراق.