ئەمڕۆ دووساڵ بەسەر شەهیدبوونی ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان تێپەڕی، هاوکات بەرپرسانی یەکێتی چەندین پەیامی جیاوازیان بڵاوکردەوە.
دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی 12ـی کانوونی یەکەم ئاکام عومەر پاش برینداربوونی بە سەختی لە دەرەوەی وڵات شەهیدبوو، ئاکام عومەر لە ڕۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2022 لە ناوچەی زنانەی گەرمیان بە ڕووداوی تەقینەوەیەک برینداربوو ، ماوەیەک لە سلێمانی لەژێر چاودێری چڕی پزیشکی دابوو، دواتر برایە ئەڵمانیا بۆ چارەسەر ، دوای 54 رۆژ لەبرینداربوونی گیانی لەدەستدا .
لەم بارەیەوە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەكی قووڵ و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدبوونی برام فەرماندە ئاكام عومەر دەكەینەوە، یادی سیمبوولێكی ئازایەتی و جوامێرێكی رێگەی ئازادی و دادپەروەری دەكەینەوە.
ئەوەی شەهید ئاكام بە خاكی كوردستانی بەخشی كەم نەبوو، ئەو بوو بە تەمەنێكی كەم و ئازایەتییەكی بێوێنەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دژی یەكێك لە دڕندەترین هێزەكانی مێژوو وەستایەوە و پارێزگاری لە خاكی كوردستان و خەڵكەكەی دەكرد، ئەو كوردستانی لە دڵیدا هەڵگرتبوو و هەموو ئەوەی دەیویست سەرفرازی و سەقامگیریی بوو بۆ خاكەكەی، دواجار هەر لەو پێناوەشدا چووە ریزی شەهیدان و كاروانی نەمرانەوە.
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم نووسیویەتی، ئەمڕۆ یادی شەهیدبوونی کەڵەپیاو و جوامێرێکی بەوەفا و نیشتمان پەروەر دەکەینەوە.
پێشمەرگەیەک پڕ بەمانای وشە فێری کەم ژیان و کەڵ ژیانی کردین.
نەمریی بۆ روحی فەرماندە ئاکام عومەر و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.