دەتوانرێت بەچەند هەنگاوێکی سادە ڕێکاربگیرێتەبەر بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش و دوورکەوتنەوە لە سەرمابوون لە زستاندا، ڕۆژنامەی “تەلەگراف”ی بەریتانی بەدواداچوونێکی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا ڕاپرسیی شارەزایانی لەسەر ڕێگا ئاسان و سادەکانی پاراستنی تەندروستی لەمانگەکانی وەرزی زستاندا کردووە.
شارەزایان بەم جۆرە ئامۆژگاریمان دەکەن؛
– تیشکی خۆر
دکتۆر توڤا ئەموتالینگام، پزیشکی گشتی دەڵێت: “لە لای پەنجەرەیەک دابنیشە بۆ ماوەی ١٠ خولەک یان بەپێ هاتووچۆ بکەن”، بەتایبەت لە نێوان کاتژمێر ١١ی بەیانی تا ٣ی پاشنیوەڕۆ کاتێک خۆر لە لوتکەی بەرکەوتندایە، ئەمە یارمەتیدەرە بەشێوەیەکی سروشتی کاتژمێری ناوەوەی جەستە خۆی ڕێک بخاتەوە و کوالیتی خەو و دۆخی گشتی جەستە باشتر بکات.”
توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆرنێل لە ساڵی ٢٠١٧دا ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانەی لە ئۆفیسەکانیاندا کاردەکەن کە ڕووناکی سروشتی گونجاویان هەیە(بۆ نموونە لەلای پەنجەرەیەکەوەن) باسیان لە کەمبوونەوەی ٦٣٪ی سەرئێشە و بەڕێژەی ٥٦٪ کەمبوونەوەی خەواڵوویی کردووە.
-ڕێوشوێنی پاکوخاوێنی
دکتۆر ئاموتالینگام دەشڵێت، پابەندبوون بەڕێوشوێنی پاکوخاوێنی “بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا گرنگە کاتێک ڤایرۆسەکانی وەک ئەنفلۆنزا زیاتر باون”.
ئەو ئامۆژگاری پێویستی “دەستشۆردنی باش بۆ ماوەی ٢٠ چرکە(یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی هەوکردن)، جگە لەداکەندنی پێڵاو لە دەرەوەی ماڵ و نەچوونە ژوورەوە بە پێڵاوەوە، ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لەبڵاوبوونەوەی پیسی و بەکتریا و تەنانەت گەردی ڤایرۆسیش.”
– وەرزشکردن لە ئێواراندا
لە مێژە وا بیردەکرێتەوە کە وەرزشکردن لەکاتی نزیکی وادەی خەوتن دەبێتە هۆی کەمخەوی، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە ماوەی کورتی چالاکیی سووک دەبێتە هۆی باشتر خەوتن.
لاڤینا میهتا، ڕاهێنەری کەسی و نووسەر دەڵێت: “وەرزشکردن (تێکەڵەیەک لە جوڵە و هێز بۆ ماوەی سێ خولەک) دەتوانێت باری دەروونی بەرز بکاتەوە و یارمەتی زیادکردنی بارستەی ماسولکەکان بدات و ئێسکەکان بەهێز بمێننەوە و یارمەتی کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن بدات”.
-یاسای “١٠-٣-٢-١-٠”
دکتۆر جەی میدۆس، دەڵێت: “پاراستنی خشتەی خەوتنی بەردەوام زۆر گرنگە بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی”، دەشڵێت، “کاتی خەوتنی ڕێکوپێک هەموو شەوێک کاتژمێری ناوەوەی جەستە هاوکات دەکات، ئەمەش پرۆسەی فیزیۆلۆژییە جیاوازەکان لەنێویاندا هۆرمۆن باشتر دەکات هەروەها یارمەتی ڕێکخستنی گواستەرە دەمارییەکانی وەک سیرۆتۆنین و دۆپامین دەدات، کە پێویستن بۆ هاوسەنگی سۆزداری و دەتوانن مەترسی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کەم بکەنەوە.
دکتۆر میدۆس پێشنیاری یاسای، “١٠-٣-٢-١-٠” دەکات، کە بە واتای؛
نەخواردنی کافاین ١٠ کاتژمێر پێش خەوتن.
نەخواردنی خواردن ٣ کاتژمێر پێش خەوتن.
کارنەکردن بەر لە ٢ کاتژمێر پێش خەوتن.
بەکارنەهێنانی شاشە ١ کاتژمێر پێش خەوتن.
نەخەوتن لە بەیانیاندا.
– خەوێکی کورت
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە خەوتن دەستبەجێ توانای دەرونی باشتر دەکات و یارمەتی پاراستنی تەندروستی مێشک دەدات بۆ ماوەی درێژخایەن. میدۆس ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە “ماوەی خەوتن لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ خولەک ” لە نێوان نیوەڕۆ و ٣ی پاشنیوەڕۆدا ئەو کاتەیە کە جەستە بە شێوەیەکی سروشتی هەست بە خەواڵوویی دەکات.
– بەسەربردنی ١٥ خولەک لە ساونادا
ساونا پەیوەندی بە دابەزینی ئاستی کۆلیسترۆڵ و دابەزینی ئاستی پەستانی خوێن و کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشکەوە هەیە.
توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن، بەسەربردنی تەنها ١٥ خولەک لە ساونا لەدوای وەرزشکردن تەنها سێ جار لە هەفتەیەکدا دەبێتە هۆی باشتربوونی بەرچاوی پەستانی خوێن بە بەراورد بە هەر چالاکیەک بە تەنها.
سەردانی بەردەوامی ساونا دەتوانێت سوودی تەندروستی دەروونیش هەبێت، دەروون ئارام دەکاتەوە و فشار و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت نیشانەکانی خەمۆکیش کەم دەکاتەوە.