بەر لەڕووخانی دەسەڵاتەکەی، بەشار ئەسەدی تەمەنی 59 ساڵ، لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ بوون، ئێران لە دواین خوانی ئێوارەدا لە یەکێک لە ڕێستۆرانتەکانی دیمەشقەوە، لە ڕێگەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، دوا پەیامی بە ئەسەد دا.
عێراقچی وتی؛ “برای ئازیزمان بەشار ئەسەدمان داوەتە دەست خودا”.
بەگوێرەی ئەوەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێران ئاشکرایکردووە، عێراقچی بە ئەسەدی وتبوو، وڵاتەکەی ”چیتر لە دۆخێکدا نییە کە هێز بۆ پشتیوانی کردنی بنێرێت”.
سەرچاوە نزیکەکە لە حکومەتی ئێران وتی: ئەسەد زیاتر بووەتە بارگرانی نەک هاوپەیمان، بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردن لە ئەسەد دەبێتە هۆی تێچووی قورستر بۆ ئێران.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، تاران نزیکەی ساڵێکە لە ئەسەد بێزارە، بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردووەتەوە.
جێهێشتنی سوپای پاسداران
هەر زوو گرووپە چەکدارەکان دوای حومس و حەلەب دەستیان بەسەر حەمادا گرت و کوتلە ناوخۆییەکان لە باشوورەوە بەرەو دیمەشق دەستیان بە پێشڕەوی کرد.
هەرچەندە ئێران بە ئاشکرا پشتڕاستیکردەوە کە پشتیوانی لەحکومەت و سوپای سووریا دەکات، بەڵام دەستبەرداری ئەسەد بوو و دەستی بە پاشەکشکرد.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە، لە پشت پەردەوە ئێرانییەکان دەستیان بەوازهێنان لە سەرۆک کۆماری سووریا کردووە، بەو پێیەی سەرجەم ئەندامانی دیاری سوپای پاسداران لەگەڵ دیپلۆماتکاران و بنەماڵەکانیان، بەرەو عێراق بەڕێکەوتوون.
ڕۆڵی تورکیا
تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو تەنانەت لەسەر ئاستی سەربازیش، لەپاڵپشتیکردنی ئەو کوتلانەی کە سەرۆکی پێشوویان ڕووخاند و دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت.
کەسێکی ئاگادار لەڕووداوەکان ڕوونیکردەوە، هەواڵگری تورکیا کە لەساڵی ٢٠١٦ەوە پاڵپشتی چەندین کوتلەی چەکداری دەکات و یارمەتیان دەدات بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووبەرێکی بەرفراوان لەخاکی باشووری سنووری تورکیا و سووریا، پاڵپشتی ئەو هێرشە لەناکاوە بوون، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستی پێکرد .
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەهۆکاری ئۆپەراسیۆنی تایبەت بەخۆیان، وێنەیان گرتووە و نەخشەی دامەزراوە سەربازییەکانی سەر ڕێگای بەرەو دیمەشقیان گرتووە، بۆیە دواتر توانیان زانیاری وردی ئەو شوێنانە بۆ گرووپە چەکدارەکان دابین بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەنقەرە بە چەک پاڵپشتی هەندێک لە کوتلەکانی لەژێر ئاڵای سوپای نیشتیمانی سووریادا کردووە، کە لەماوەی ئەم دواییەدا لەگەڵ دەستەی ئازادکردنی شام هەماهەنگییان کردووە، بە دابینی چەک .
لەبەرامبەریشدا تورکیا گەرەنتی وەرگرتووە کە ئەو چەکدارانە نەچنە ناو ئەو هێزە کوردیانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن و ناوچەیەکی بەرفراوانی خاکی سووریایان کۆنتڕۆڵکردووە.
ڕووسیا و ڕێککەوتن
سەبارەت بەڕووسیاش کە هێزەکانی بەقورسی لەڕووبەڕووبوونەوەکانی دژ بەگرووپە چەکدارەکان بەشدار نەبوون، پێدەچێت جۆرێک لە ڕێککەوتنی ئەنجامدابێت.
لە کاتێکدا مۆسکۆ بەڵێنی ئاشکرایدا، بۆ پشتیوانی لەڕژێمی پێشوو، بەرپرسێکی پێشووی کرێملین ئاشکرایکرد؛ ڕووسیا لەیارمەتیدانی ئەسەد ناتوانێت وەک پیویست بێت، چونکە لەشکرکێشییەکەیان بۆ سەر ئۆکراین هێزەکانی ڕووسیای ماندوو کردووە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە کرێملین ڕوونیکردەوە؛ گرووپە چەکدارەکان گەرەنتی سەلامەتی بنکە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ڕووسیایان لە سووریا کردووە، وەک پێشتر لەلایەن ئاژانسی هەواڵی “تاس”ەوە بڵاوکرایەوە.
مۆسکۆ کە سەرقاڵی شەڕە لە ئۆکراین، هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نەبوو جگە لە وازهێنان لە ئەسەد.
بەمجۆرە، سەرۆکی پێشووی سووریا، نە بۆ ئێران و نە بۆ ڕووسیا، “سوود”ی نەما و دەسەڵاتەکەی کۆتایی هات، جیا لەوەی وەک پەنابەر لە مۆسکۆ نیشتەجێ بوو، ئێستا ڕووبەڕووی داهاتوویەکی ناڕوون بووەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ دادگایی کردنی لە دادگای تاوانی نێودەولەتی بێتە ئارا.