لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا سەبارەت بەدۆخی بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا، کە خانەوادەکەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ حوکمڕانی سوریایان کردووە، سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاشکرایکرد؛ ناوبراو بەسەلامەتی گواستراوەتەوە.
ڕیابکۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز، کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە ١٠ – ١٢ -٢٠٢٤پەخشکرا، ڕایگەیاند، ڕووسیا ئەسەدی بەشێوەیەکی زۆر سەلامەت گواستەوە، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو دەسەڵاتەکەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کۆتایی پێهێنرا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەسەد سەلامەتە و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕووسیا وەک پێویست مامەڵەی دەکات لە دۆخێکی ئاوا ناوازەدا”، بەڵام ڕوونی نەکردەوە “چی ڕوویداوە، چۆن گواستراوەتەوە بۆ مۆسکۆ”.
کاتێک پرسیاری ئەوەی لە ڕیابکۆڤ کرا، کە ئایا مۆسکۆ ئەسەد ڕادەستی دادگا دەکات یان نا، ڕیابکۆڤ وتی وڵاتەکەی “لایەنێک نییە لەو ڕێککەوتنە کە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی دامەزراندووە”.
کرێملین ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند؛ ڤلادیمێر پوتین سەرۆک ڕووسیا بڕیاری بۆ پێدانی مافی پەنابەری بە ئەسەد داوە.
جێگای سەرنجە، کەوتنی ئەسەد لە ٨ی کانوونی دووەم، دوای داڕمانی سوپا و کشانەوەی لەپێگە سەربازییەکانی بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان، گورزێکی گەورەی لە ئێران و ڕووسیادا، کە ماوەی ١٣ ساڵ دەستوەردانیان لە کاروبارەکانی سووریا دەکرد و هۆکاری مانەوە و پشتگیریکردن بوون لە دەسەڵاتەکەی سەرەڕای داواکارییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ڕۆشتنی ئەسەد لەدەسەڵات .
مۆسکۆ لە سەرەتای شەڕی ساردەوە پاڵپشتی سووریای کردووە، هەروەها لەساڵی ١٩٤٤دا وەک یەکەم وڵات دانی بە سەربەخۆیدا ناوە کاتێک دیمەشق هەوڵی ڕزگاربوونی لە دەسەڵاتی کۆلۆنیالی فەرەنسی دا.