حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی مووچە و هاوتاکردنی ناونیشانە وەزیفییەکان کۆدەبێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت كۆدەبێتەوە و دوو بڕگە تاوتوێ دەكات.
ڕوونیشیکردەوە کە لە پێشەكی كارنامەدا، دواپێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە بابەتی مووچە و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتەكانی هاوپێچی یاساكە بۆ ساڵی دارایی 2025 و ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەمدواییەی وڵاتی سووریا گفتوگۆ دەكرێن.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، پێشنیازی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە بۆ هاوتاكردنی ناونیشانە وەزیفییەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لەبەر ڕۆژنایی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2024 دەخرێتە ڕوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە بڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتی وزیری هەرێم بۆ كاروبارەی پێكهاتەكان سەبارەت بە كاروباری وەزارەتەكەی دەخرێتە ڕوو.