ڕێبین عومەر
سەرە داوەکانی جەنگی ناوخۆ لە سووریا دەرکەوت، چەند رۆژێکە بەرپرسانی ئیسرائیل لێدوان دەدەن لە بارەی پاراستنی کەمینەکان و کورد لە سووریا.
کارەکتەری هەرێمی لە سووریا تورکیاو ئیسرائیلن؛ هەردوولا ئەجێندای جیاوازیان هەیە..
تورکیا بە نییەتی رابردووی عوسمانی سەیری سووریا دەکات. ئیسرائیل-یش جەخت لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەکاتەوەو چاوی لە رێگەی داودە و خويندنەوەی دوری هەیە بۆ دۆخی سووریا.
هەر لەبەر ئەوەش زیاتر لە سێ سەد هێرشی کردۆتە سەر ژێرخانی سەربازی بەجێماوی سوپای ئەسەدو هەمووی تەقاندەوە.
نایەوێت لەو ئایندەیەی کە سووریا دەکاتە ئاگری شەڕ؛ چەکی قورس بەدەست گروپە توندرەوەکانەوە بێت یاخود مەترسی بۆ ئارامی ئیسرائیل دروستبکات.
لە سووریای دوای ئەسەد سەرەتای جەنگی ناوخۆیی بە شەڕی کورد و گروپەکانی ناو ئەحرار شام و نزیک تورکیا دەستی پێکردووە.
ئەوەش پێشهاتێکی مەترسیدارە کە دەری دەخات سووریا بە نائارامی دەمێنێتەوەو رێگەیەکی دوری شەڕی ناوخۆیان لەبەردەمە.
تورکەکان بەهەموو نرخێک دەیانەوێت ستاتۆی کوردی نەبێتە واقع و هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لەتەنیشتیانەوە دروستبێت یان لەئەگەری دابەشکاری فیدراڵی بچەسپێت.
تورکەکان بۆ لەناوبردنی ئەو کیانە کوردییەی رۆژ ئاوا هەمووشت دەکەن، و هەنگاوی کردەیشیان بۆ ناوە.
ئەوەتا لە منبەج لە رێگەی گروپەکانیان لە جەیش حور توانییان پاشەکشێ بە کورد بکەن و ئەوشارە کۆنترۆڵبکەن کە لە ٢٠١٧ هەوڵی بۆ دەدەن.
ئێستاکە ئایندەی سووریا دیار نییەو لەبەردەم نەشتەری جەنگ و نائارامی ناوخۆیدایە.