هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی چەکهەڵگری دەوڵەتی توركیای لە دەرباسییە و فڕۆكەیەكی دیكەی لە تل تەمر تێكشكاند و خستەخوارەوە، هاوكات لە هێرشی سوپای توركیا و چەكدارە سورییەكانی سەر بە توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.
هەسەدە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كەمێك پێش ئێستا فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی چەکهەڵگری دەوڵەتی تورك لە دەرباسییە خرایە خوارەوە، كە لە جۆری ئاگسۆنگۆرە.
ئاشكراشی كردووە، دوێنێ لە تل تەمر بە هەمان شێوە فڕۆكەیەیەكی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی تورك لەلایەن هێزەكانی هەسەدە-وە خرایە خوارەوە.
هاوكات، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەكدارە سورییەكانی سەر بە توركیا بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، کەمێک پێش ئێستا بۆردوومانی ماڵی هاوڵاتییانی مەدەنی لە عەین عیسا کرد و کۆمەڵکوژیی ئەنجام دا، بە هۆشییەوە 8 هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون.
میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی گوندی سەفیا لە سنووری عەین عیسای کورد و جارێکی دیکە کۆمەڵکوژیی ڕوویداوە و بە هۆی بۆردوومانەکەوە 8 هاوڵاتی شەهیدبوون کە دوویان منداڵن.
ناوی ئەو کەسانەی کە شەهیدبوون بەمشێوەیەیە: “خەلیل سلێمان، وەداح سلێمان، محەمەد عەبۆ، عەبدولکەریم عەبۆ، دەلال سلێمان، نادیا سلێمان”، دوو منداڵیش بە ناوەکانی “جاسم سلێمان و حوسام سلێمان”.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی دوێنێش، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی گوندی موستەرحای سەربە عەین عیسا کرد و کۆمەڵکوژیی پێکهێنا، بە هۆشیەوە ١٢ هاوڵاتی شەهیدبوون کە شەشیان منداڵ بوون.