بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی، کە کەناڵێکی تورکی لەڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆوە بڵاویانکردۆتەوە، دەرکەوتووە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش بازگەیان لەشاری مەنبەج داناوە، کە بە پاڵپشتی هێرشی ئاسمانی توركیا زۆربەیان داگیركردووە و هێزەكانی هەسەدە كشاونەتەوە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە شاری مەنبەج و لادێکانی شاهیدی هێرشی بەردەوامی سوپای تورکیا و گرووپە چەكدارەكانی سوریای سەر بە تورکیان، کە خۆیان بە “سوپای نیشتمانی سوریا” ناودەبەن، بە پاڵپشتی بۆردومانی زەمینی و ئاسمانی سوپای توركیا.
لەکاتێکدا یەکێک لە کەناڵە تورکییەکان لە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆوە بۆ بینەران پەخشی دەکرد، لە تۆمارە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوت بازگەیەکی چەكدارەكان لەسەر شەقامێکی دەوروبەری مەنبەج دانراون و لۆگۆی داعش لەسەر شانی چەكدارانی بازگەکە دەرکەوتووە.
کەناڵەکە لە خوارەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکان بە زمانی تورکی نووسیویەتی: “تیمی کەناڵی هابەرتورک لە سنوورەکانی مەنبەجەوە سوپای نیشتمانیی سووریا ئۆپەراسیۆنەکانی تەواو دەکات”.
ئەم وێنانە نیشان دەدەن، کە تورکیا بەردەوامە لە سپۆنسەرکردنی چەكدارانی داعش و پاڵپشتییان بۆ دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاکی سوریا.
لە دیمەنەکانەوە دەردەکەوێت، چەتەکانی داعش کە یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە لە ساڵی ٢٠١٦ لە منبج دەریکردن، ئێستا دووبارە لەژێر ناوی “سوپای نیشتیمانی سوریا” دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ منبج.