سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت.
ئەمڕۆ سێشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی دەربارەی دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە وردی چاودێریی ڕووداو و پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانمان کرد و بە بایەخەوە لە گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی دەڕوانین”.
سەرۆکی یەکێتی دەڵێت: “ئێمە بە تەواوی ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە. هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکو بە سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت”.
ڕاشیگەیاند، “لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەک دەنگ و بە گوتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین و ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ژیان و سەقامگیرییان’.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی بافڵ تاڵەبانیدا هاتووە: “جەخت لە ڕەچاوکردن و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەموولایەک بڕیاری دروست و ژیرانە بدەن و پارێزگاری لە ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوچەکە بکەن. چونکە وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت”.