شەپۆلێکی وشکە سەرما و بەستەڵەک ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و خێرایی بای باكوور “ڕەشەبا” زیاد دەكات و پلەكانی گەرما نزیكەی 10 پلە دادەبەزن و بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەوە ڕۆژی ھەینی 13/12/2024 ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی سەرمای جەمسەری باکوورەوە، کە لەرێگای ڕۆژھەڵاتی ئەوروپاوە پێشبیبی دەکرێت بگاتە ناوچەکانمان بەڕێڕەوێکی وشکدا تێپەڕدەبێت، بۆیە شەپۆلەکە زیاتر پێکدێت لە وشکە سەرما و ھەروەھا چالاکبوونی بای باکووری ڕۆژھەڵات و ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاویەکاندا بەتایبەت شاخاویە سنورییەکان.
ڕاشیگەیاند، کاریگەری ئەم شەپۆلە ھەفتەی داھاتوو زیاتر ئەبێت لەڕۆژانی 14 و 15 و 16ی مانگدا بە جۆرێ پلەی گەرمی لەسەرجەم ناوچەکان بەراورد بەماوەکانی ئێستا چاوەڕوان دەکرێت 8 تا 9 پلە نزم ببێتەوە و ھەست بەکەشێکی زۆر سارد دەکرێت و لەتەواوی ناوچە شاخاوییەکاندا بەگوێرەی بەرزی جیاواز لەشەواندا پلەی گەرمی 5 تا 8 پلە بۆ ژێر سفر پلە دادەبەزن و لەناوچە شاخاویانەی کە بەرزیان زیاترە لە 1500 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا لەڕۆژیشدا پلەکانی گەرما لە سفر بۆ ژێر سفر ئەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەنتەری پارێزگاکانیش لەسەنتەری شاری سلێمانی بەتایبەت لە 15 و 16ی مانگ لەشەواندا پلەی گەرمی بۆ سفر و تا چەند پلەیەک بۆ ژێر سفر نزم دەبێتەوە و ئەگەری بەستن و بەستەڵەک ئەبێت.
ئەو شارەزایەی كەشناسی وتیشی، “ھەر لەگەڵ ئەم شەپۆلە سەرمایە بەرەبەیانی ڕۆژی یەک شەمەوە 15/12/2024 ئەگەری چالاکبوونی بای باکوری ڕۆژھەڵات ھەیە لە زۆرێکی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و بەگشتی ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژھەڵاتی ھەرێم ئەمەش وادەکات سەرماکە کاریگەری لەم ناوچانەدا زیاتر ببێت و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکیش بەردەوامی ئەبێت لەگەڵ ئەگەری گۆڕانکاری لەماوە و کاتی خایاندنیدا”.