ئەمڕۆ بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكرا و لەناكاو نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزبووەوە لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، كە گەیشتوونەتە ئاستی خۆژێنی لە هێلكە و شارەزایانی ئابووریش گران بوونی نرخەكەی بۆ چەند هۆكارێكی دەگێڕنەوە، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەوەیە، كە ڕێگا كراوەتەوە بۆ ناردنی بۆ شارەكانی عێراق.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی (خەڵك) ئەمڕۆ چوار شەممە، لە شاری سلێمانی نرخی كارتۆنێك هێلكە ١٣ هەزار دینار گران بوو، لەكاتێكدا پێشتر نرخەكەی بە ٦٢ هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا بە ٧٥ هەزار دینارە.
بەپێی وتەی شارەزایانی ئابووری، هۆكاری گران بوونی نرخی هێلكە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و زیادبوونی خواست لەسەر خواردنی هێلكە و كەمی بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكان و ڕاگرتنی هاوردەكردنیەتی لە دەرەوەی وڵات لەپێناو گرنگی دان بە بەرهەمی ناوخۆیی.
بە وتەی شارەزایان، ئەو بڕە بەرهەمەی ناوخۆ بەشی پێداویستی ناوخۆ ناكات، بەڵام حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا لە ٣٠ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢دا ڕایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی هێلكە گەیشتوونەتە ئاستی خۆژێنی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی هێلكە گەیشتۆتە ئاستی خۆژێنی و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویش بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی هێلكە، هەنگاوی گەورەی ناوە.
بەڵام هۆكاری سەرەكی گران بوونی نرخی هێلكە بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ كردنەوەی دەرگای هەناردەكردنی ئەو بەرهەمە پەلەوەرییە بۆ شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
لای خۆیەوە، وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاندووە، بڕیارمان داوە بە كردنەوەی ڕێگای هاوردەكردنی بەرهەمی هێلكەی خواردن لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی وڵات.
گران بوونی هێلكە، كە ژەمێكی سەرەكی خواردنی هاووڵاتیانە و چەندین سوودی پزیشكی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە نیگەرانی و ناڕەزایی لای هاووڵاتیان دروست كردووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە تەنزەوە نووسیویانە، “ئەگەر نرخی یەك تەبەق هێلكە بگاتە نزیكەی ٨ هەزار واتە ٣ بۆ ٤ هێلكە دەبێت بە هەزار دینار!”.
هاووڵاتیان ئاماژە بەوەش دەكەن، هاووڵاتیانی كەم دەرامەت ڕازین بە ژەمێكی تەماتە و هێلكە و ژیانی خۆیانی پێ بەڕێ بكەن، بەڵام ئەوەشیان لەسەر گران دەكەن، كە هەموو شت هەر گران ببێت ئەی خەڵكی هەژار چی بكات؟!”.