وتەبێژی حکومەتی عێڕاق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت” عێڕاق پێویستی ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادی هەموو سوورییەکان دووپات دەکاتەوە”.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێڕاق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بە وردی چاودێری پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سووریا دەکات، هەروەها بەردەوامە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست، بە مەبەستی پێشخستنی هەوڵەکان بەرەو سەقامگیری، و پاراستنی ئاسایش و ئارامی و ماڵی گەلی برای سووریا.
بەپێی بەیاننامەکە عێراق ڕێز لە ویستی گەلی سووریا دەگرێت لەو پێشهاتانەی ڕوویانداوە و دەڵێت”عێراق پێویستی ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادی هەموو سوورییەکان دووپات دەکاتەوە، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاسایشی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی و پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتەکەی نەک تەنیا بۆ عێراق بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە گرنگە.
هاوکات حکومەتی عێراق پاڵپشتی هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی و هەرێمیی دەکات، بۆ کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە سووریا بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە، بەشێوەیەک کە سەرجەم بەرژەوەندییەکانی سووریا بپارێزێت، هەروەها داڕستنەوەی دەستوورێکی فرەیی کە ڕەچاوی بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتە و ئاینەکانی گەلی سووریای تێدا کرابێت.
لە بەیاننامەکەدا حکومەتی عێڕاق دووپاتیدەکاتەوە، گرنگە گەلی سووریا خۆیان بڕیار بدەن و هیچ جۆرە دەستوەردانێک لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا نەکرێت، یان پاڵپشتی لایەنێک بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی تر، چونکە دەستێوەردان تەنها دۆخی سووریا ئاڵۆزتر دەکات و ڕایدەکێشێتە ناو ململانێ و دابەشبوونی زیاترەوە، یەکەم زیانیشی بۆ گەلی سووریا دەبێت کە باجێکی زۆری داوە لە ساڵانی ڕابردوودا.
لەکۆتاییشدا دەڵێت، عێراق وەک وڵاتێکی برا و دۆست سەربەخۆ و سەروەرە، بە پەیوەندی برایەتی و مێژووی و خوێن و ئایین بەستراوەتەوە بە گەلی سووریاوە.