کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، لە دوانوەڕۆی ئەمڕۆوە بەفرو بارانبارین دەستپێدەکات و ئیدارەی ڕاپەڕین و شارۆچکەی کۆیە و دوکان زۆرترین بڕی بارانی لێدەبارێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە دوای نیوەڕۆ دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، لە ئەنجامى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریای سوور ڕوو لە ناوچە جیا جیاکانی هەرێم دەکات لە کاتەکانى ئێوارەدا.
باسی لەوەشکردووە: کاریگەرى ئەم ناسەقامگیریە لە سەر سنوورى پارێزگای سلێمانى و بەشێک لە پارێزگاى هەولێر و کەرکوک و بەشێک لە ئیدارەى گەرمیان دەبێت.
ئەوەشی وتووە: شێوازی دابارین نمە باران و بارانى مام ناوەند هەندێ کات هەورە تریشقە دەبێت سەبارەت بە بەفر بارین ناوچە سنوورییەکان و بەشێک لە لووتکەى شاخە بەرزەکان دەبێت، لە ماوەى کاریگەری ئەم شەپۆلە ئەم شوێنانە باران بارینى زیاتر دەبێت (ئیدارەى ڕاپەرین و سنوورى شارۆچکەى کۆیە و دوکان) لە درەنگانى شەودا کاریگەرى ئەم شەپۆلە لاواز دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشداوە: پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبیتەوە بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ.
لە بارەی کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە، کەشناسی هەرێم دەڵێت: “ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، ئەگەرى نمە بارانێکى کەم لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان لەدوای نیوەڕۆ ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە”.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 18
سلێمانی : 15
دهۆک : 19
زاخۆ : 19
هەڵەبجە : 16
کەرکوک : 19
سۆران : 14
حاجی ئۆمەران : 7
گەرمیان : 21