فەرمانگەی میدیا و زانیاری وردەکاری دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دەخاتەروو و دەڵێت” نزیکەی 200 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بەردەوامە و تاکوو 5ـی12ـی 2024، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، 199 ملیۆن و 67 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەش کراوە.
بەپێی وردەکارییەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، حکومەتی هەرێم لەماوەی ئەمساڵدا لە پارێزگای هەولێر 67 ملیۆن و 170 هەزار لیتر نەوتی سپی کەدەکاتە (81٪) دابەش کراوە، هاوکات لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 17 ملیۆن و 407 هەزار و 400 لیتر ( 98.5٪)، و لە پارێزگاکانی سلێمانی بڕی 71 ملیۆن و 473 هەزار و 400 لیتر (67٪) دابەش کراوە،
هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجە بڕی 4 ملیۆن و 378 هەزار لیتر ( 71٪) نەوتی سپی دابەش کراوە، لە پارێزگای دهۆک 30 ملیۆن و 742 هەزار و 600 لیتر (68.5٪) دابەش کراوە و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش بڕی 7 ملیۆن و 895 هەزار و 400 لیتر (61٪) نەوتی سپی دابەش کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە تاکوو ئێستا بڕی 230 ملیۆن و 164 هەزار و 276 لیتر نەوتی سپی دابین کراوە و بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش کراوە و پشکی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو بڕەی کە دابین کراوە 85 ملیۆن و 216 هەزار و 953 لیترە، پشکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 99 ملیۆن و 182 هەزار و 322 لیترە و پشکی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش 45 ملیۆن و 765 هەزار و یەک لیترە.
لە کۆی 230 ملیۆن و 164 هەزار و 276 لیتر نەوتی سپی دابینکراو بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بڕی 199 ملیۆن و 67 هەزار لیتر نەوتی سپی کە دەکاتە (74٪) نەوتی سپی دابینکراو دابەش کراوە بەسەر خێزانەکان و تاکوو ئێستا 995 هەزار 325 خێزان نەوتی سپییان بۆ دابین کراوە، بە جۆرێک لە هەولێر 335 هەزار و 850 خێزان، لە سۆران 87 هەزار و 38 خێزان، لە سلێمانی 357 هەزار و 367 خێزان، لە هەڵەبجە 21 هەزار و 890 خێزان، لە دهۆک 153 هەزار و 713 خێزان و لە زاخۆش 39 هەزار و 477 خێزان، نەوتی سپییان بەسەردا دابەش کراوە.