لە کۆبوونەوەی سێقۆڵی وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئێران و سووریا جەخت لە پاراستنی ئاسایشی سووریا و مەترسی گروپە چەکدارەکان لەسەر ناوچەکە کرایەوە.
ئەمڕۆ هەینی وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئێران و سووریا لە بەغداد دەربارەی ڕەوشی سووریا کۆبوونەوە و دواتر فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتاکانی ڕایگەیاند، ئاسایشی عێراق و سووریا بەیەکەوە گرێدراون و ئاسایشی هەردوو وڵاتیش پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکەوە.
ئەوەشی خستەڕوو سوپا و هێزە چەکدارەکانی عێراق بە پێشمەرگەشەوە ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک.
وتیشی: جەخت لە پاراستنی سنوور و ئاسایشی عێراق و بەوورگرتنی لە هەر هێرشێکی تیرۆریستی دەکەینەوە.
فوئاد حسێن ڕاشیگەیاند، لە ڕێی ڕەوانەکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ هاووڵاتییان و ئاوارەکان، پشتیوانی لە گەلی سووریا دەکەن.
لایخۆشیەوە بەسام سەباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا باسی لە پێشهاتەکانی سووریا و پەلامارەکانی گروپی تەحریر شان کرد و “جەختم کردەوە لەوەی سوپای سووریا ئەرکی نیشتمانیی خۆی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە تیرۆریستییەکە جێبەجێ دەکات”.
وتیشی: “سوپای سووریا ناچار بوو تاکتیکی کشانەوە و خۆڕێکخستنەوە پەیڕەو بکات”.
وەزیری دەرەوەی سووریا ڕاشیگەیاند، “دەستوەردانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئاشکرا بوون و ئاامنجیش لێیان دابەشکردنێکی نوێیە لە ناوچەکە و بەپێی ئەجێندا دوژمنکارییەکان”.
هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند لەگەڵ هاوتا عێراقی و سوورییەکەی هاوڕابوون سەبارەت بەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکانمان بووەتەوە.
بە پێویستیشزانی کە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی خۆیاندا هێرش بکەنە سەر گروپە تیرۆریستییەکان و هیچ جیاوازییەک نەکەن لە نێوانیاندا.