سەرۆكی بەرەی گەل لەگەڵ سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو كێشەیەی زیاتر لە 10 ساڵە بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرتوە دەبێ بە ریشەیی چارەسەر بكرێ
لە بەغدای، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل لەگەڵ نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كۆبوونەوە.
لاهور شێخ جەنگی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، لەو سەردانەدا چەند تەوەرێكی گرنگمان تاوتوێ كرد، لە سەرووی هەموویانەوە پرسی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم و دواكەوتنی مووچەكانیان.
دەشڵێت: هەردولا جەختمان كردەوە، كە نابێت قوتی خەڵك بە هۆكاری گەندەڵی و یاسا شكێنی كێشەی بۆ دروست بكرێت و ئەو كێشەیەی زیاتر لە 10ساڵە بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرتووە دەبێ بە ریشەیی چارەسەر بكرێ، ئەوەش بە شەفافیەت و یاساسەروەری دەكرێت.
ڕوونیشی كردۆتەوە، دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەكە و ئەو پەرەسەندنانەی هاتونەتە ئاراوە لە ئاستی هەرێمایەتی تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی نێوان ئێمە و جەنابی مالكی بوو.
ئاشكراشی كردووە، باسیان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ئایندەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و كۆك بووین لەسەر هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنی زیاتر لە نێوانماندا.