دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پەیوەندی تەلەفۆنی سەرۆك وەزیرانی هەرێم و عێراق سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەتی دەكاتەوە ئاگاداری پەیوەندی تەلەفۆنی بن و دەڵێت: بەردەوام هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق لە پەیوەندیدان بۆ دابین كردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
مەهدی عەبدولکەریم، بەرپرس لە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی عێراقی دەربارەی ڕاستی و دروستی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، ” پەیوەندی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا هەیە سەبارەت بە دەستەبەرکردنی ئەو بڕە پارەیەی، کە دەمێنێتەوە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە لە بوونی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان هەردوولا نازانین، بەڵام پەیوەندی لەنێوان هەردوو حکومەت هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە چەند کاتژمێرێک یان ڕۆژانی داهاتوودا”.
ڕۆژی چوار شەممە (١٣- 11- ٢٠٢٤)، لە میانی کۆبوونەوەی نێوان محەمەد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی لە هەولێر، مەلەفی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان تاوتوێ کرا.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە شەوی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لە وەڵامی پەرلەمانتارانی كوردستان دەربارەی مووچە وتی، “مەسەلەی مووچە هیچ بابەتێکی سیاسی نیە، پێشتر هەرێم بەهیچ مادە و بڕگەیەکی بودجەوە پابەند نەبووە، پاش دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پابەندین بەبڕیاری دادگای فیدراڵی و مووچەمان ناردووە هەر بەپێی بڕیارەکە لەپشکی هەرێم ٪١٢.٦٧ هەر ئەو ٧٦٣ ملیارانە ماوە، کە بڕیارمان لێ داوە و هیچ گواستنەوەیەک ناکرێ لەپشکی هەرێم دا”.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) وتی، سودانی لە كۆبوونەوەكەدا وتویەتی، “هەرێم پابەند نەبووە و ناکۆکی زۆرە لەسەر دەروازەی سنوری و باج و داهات، بەڵکو ئەم هەموارەی یاسای بودجە لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بابەتەکە چارەسەر بکات بۆ ساڵی داهاتوو”.
ڕۆژی یهك شهممه 1ـی كانونی یهكهمی 2024 وهزارهتی دارایی عێراق، بڕی 763 ملیار دیناری خستهسهر ههژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری ههرێمی كوردستان بۆ مووچهی مانگی تشرینی یهكهمی 2024ـی مووچهخۆرانی ههرێم، بەڵام تا ئێستا وهزارهتی دارایی ههرێم پارهكهی وهرنهگرتووه، بهو پێیهی دابهشكردنی مووچهی مانگانه له ههرێمی كوردستان پێویستیی به 996 ملیار دیناره و 233 ملیار دینار كورتهێنان ههیه.
بە وتەی بەرپرسانی هەرێم داهاتی مانگانەی ناوخۆ زیاتر لە 300 ملیار دینارە و لەمساڵدا چەند مانگێك بەشێك لە داهاتی ناوخۆ دراوە بە عێراق و مانگەكانی دیكە هیچ پارەیەك نەدراوە بە عێراق و لە بەرامبەر نەناردنی ئەو پارەیەش بۆ داهاتی فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری داوە بۆ مووچەی ئەو سێ مانگەی ماوە مانگانە بڕی 763 ملیار دینار بداتە هەرێم و بەو داهاتی ناوخۆیەی نەدراوە بە عێراق پڕی بكاتە، كە بۆ مووچە بڕی 996 ملیار دینار پێویستە، بەڵام هەرێم جەختدەكاتەوە، كە ناتوانن بە داهاتی ناوخۆ كورتهێنان پڕبكەنەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژانە نەوتی هەرێم لەڕێگەی تەنكەرەوە دەفرۆشرێت و داهاتەكەی جگە لە پارەی كۆمپانیاكان، هیچ پارەیەكی بۆ مووچە خەرج ناكرێت لەكاتێكدا لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێكی زۆری پارەی مووچە بە داهاتی نەوت و بەشەكەی دیكەی بە داهاتی ناوخۆ دابین دەكرا.
بەپێی دواین ئاماری مووچە، كە تا ئێستا نەدراوە بە مووچەخۆران و لای حكومەتی هەرێمە، لە دوو كابینەی ڕابردووی حكومەتی هەرێمدا لە ماوەی 10 ساڵدا 120 مووچەی مانگانە 62 مووچەی بە پاشەكەوت و لێبڕین بووە بەڕێژەی 52%، كە (34) مووچەی پاشەكەوتكراوە و (10) مووچە بە لێبڕینی (21%) بووە و (18) مووچە بەتەواوی نەدراوە تەنها 58 مووچە دراوە، كە بەڕێژەی 48% بووە.
بۆ بەدواداچوونی پرسی دابەشكردنی مووچە و وەرگرتنی ئەو پارەیەی عێراق ناردوویەتی بۆ مووچەی مانگی 10 (خەڵك) پەیوەندی كرد بە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.