سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا دۆخی سووریایان تاوتوێکرد و ئەردەغان ڕایگەیاند” پاراستنی ئارامی ناوچەکە بۆ تورکیا پێشینەیە”.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئێوارەی ئەمرۆ سێ شەممە 3ـی کانوونی یەکەم، ڕەجەب تەیب ئەردەغان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی بەتەلەفون قسەیان کرد و دۆخی سووریا و نوێترین پێشهاتەکان و پاراستنی سنوورەکان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان بوو.
ئەردۆغان ڕایگەیاند، گرنگی بە یەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەدەن و لەو بارەیەوە لەگەڵ عێراق هاوڕان و جەختی لەوە کردووەتەوە پاراستنی ئارامی ناوچەکە بۆ تورکیا پێشینەیە و نابێت زیان بە خەڵکی سڤیل بگەیەندرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد گرنگی بە یەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەدەن و لەژێر ڕۆشنایی ئاسایشی تورکیادا هەنگاویان هەڵناوە بۆ ڕێگریکردن لە پەکەکە و لق و پۆپەکانی کە پێشهاتەکان بقۆزنەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ڕژێمی سووریا بەشداری لە پرۆسەیەکی سیاسی ڕاستەقینەدا بکات بۆ ڕێگریکردن لەوەی دۆخەکە خراپتر بێت.
جێی باسە، ئەو دۆخەی ئێستا لە سووریادا دەگوزەرێت، هێرشێکی ڕاستەوخۆی چەکدارانی تەحریر شام و ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی مادی و لۆجستییان دەکرێت، و ماوەی هەفتەیەک دەبێت هێرشێکی فراوانیان بۆ ناوچەکانی سووریا و هەندێک لەو ناوچانە دەستپیکردووە کە هێزەکانی پاراستنی گەل”هەسەدە” سەرپەرشتییان دەکات، لەم ماوەیەدا سوپای سووریا لە زۆرینەی ناوچەکان بی شەڕ کشاوەتەوە، و هەسەدەش بەردەوامە لە بەرخودان و چەند ناوچەیەکی کۆنتڕۆلکردۆتەوە.