ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد – نووسەر
ڕەنگە دوو ڕووداوی زۆر دیار و كاریگەر كە یەكەمیان گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپە وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و دووەمیشیان ڕێككەوتنی ئیسرائیل – لوبنانە كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە نێوانگیری ئەمریكا و فەرەنسا قبوڵكرا، بە ئەندازەیەكی زۆر لە ڕۆژانی داهاتوو دۆخی سوریا بە گشتی و ناوچە كوردستانییەكەی زیاتر ئاڵۆز و پڕ كێشە و جەنگ بكاتەوە.
ڕووداوی یەكەم: گەڕانەوەی ترەمپ-ە، كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر جوڵەی هێزەكانی توركیا و تەواوی ئەو گروپ و هێزانەی نزیكن لە توركیاوە و لەناو خاكی سوریادان، چونكە لەلایەك ترەمپ و ئەردۆغان پەیوەندییەكی باشی سیاسی و ئابوورییان هەیە، لەلایەكی دیكەشەوە ترەمپ زۆر موهتەم و بایەخی لەسەر ڕووداوەكانی سوریا نییە و پێشتریش هەر ترەمپ بڕیاری لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا داوە لە خاكی سوریا و جێهێشتنی بۆ بەرژەوەندی جەمسەرەكانی وەك ڕوسیا و چین.
ڕووداوی دووەم: ڕێككەوتنەكەی ئیسرائیل – لوبنانە لە ناوچەی ‘هێڵی شین’ و ‘كەناری دەریای لیتانی’ لە لوبنان كە ئێستا هێزەكانی UNIFILی نەتەوەیەكگرتووەكانی تێدایە، ئەم ڕێككەوتنە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دۆخی سوریاوە دەبێت كە بەپێی سیگناڵی سیاسی لەدوای لوبنان خاكی سوریا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە نەخشەكەی ناتانیاهو لە خۆی گرتووە و دەیەوێت هێرشی بكاتەسەر.
جگە لەوەش لەو ڕێككەوتنەدا كە ‘جۆ بایدن و ئیمانوێل ماكرۆن’ی سەرۆكی فەرەنسا لە بارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی لوبنان كردوویانە، داوادەكات لە ئیسرائیل كە پابەندی ئاگربەستێكی 60 ڕۆژە ببن و ئیسرائیل لەو خاكانەی لوبنان بكشێتەوە كە لەسەرەتای جەنگەوە داگیریكردبوو، بەڵام لەو ڕێككەوتنەدا هیچ ئاماژەیەك ناداتە ئیسرائیل كە هێرش نەكاتە سەر سوریا و پرد و ڕێگە و بانەكان نەتەقێنێتەوە.
ئەگەرچی بەپێچەوانەوە هەردوو ڕۆژنامەی ‘وەتەن’ و ‘تەشرین’ی سوریا نووسیویانە “زیانەكانی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر خاڵە سنوورییەكانی نێوان سوریا و لوبنان بەردەوامە و ئەوە دەستپێكە بۆ هێرشی زیاتری ئیسرائیل بۆ سەر سوریا”.
لە ئایندەدا ئەم دوو ڕووداوە زیاتر لەوەی ئێستا دەبینرێت دەرگا بەسەر بارودۆخێكی ئاڵۆز و پڕ قەیراندا لە سوریا دەكەنەوە، لە ئێستاشدا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد لە سوودی توركیا نییە و لە قازانجی كوردەكانە، هاوكات هێرشی چەكدارەكانی سەر بە توركیا بۆ سەر حەلەب و چەند ناوچەیەكی دیكە لەلایەك خوتوكەی توركیایە كە كوردەكان لە تەنیشتی ئیسرائیلەوە گەورە نەكرێن و هەنگاوی زیاتر نەهاوێژن و سەرقاڵ بكرێن بە جەنگی ناوخۆیی و هێرشی ئەو مورتەزەقانەوە.
لەلایەكی دیكەوە ئەو هاندان و دەستلەپشتدانەی توركیا بۆ گروپەكانی لە حەلەب و هەروەها ڕووداوەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی كەمپی هۆل، بۆ ئەوەیە لە بەشار ئەسەد نزیك ببێتەوە و ڕێككەوتن و گفتوگۆی نێوانیان ببێتە ئەمری واقیع بەبێ كشانەوە لەو ناوچانەی كە ئەسەد بە مەرج بۆ دیداری ئەردۆغانی داناوە.
ئەوەی ئێستا لە سوریا ڕوودەدات بێبنەما و بێپێشینە نییە، بەڵكو ڕووداوەكان لەسەر نەخشەیەكی دیار و پڕ هێڵی سیاسی و بەرژەوەندی و جەمسەربەندی دێنە پێش، بۆیە دەكرێت بڵێن نە ویستی ئیسرائیل لە سوریادا تێر بووە و نە توركیاش گەیشتۆتە مەرامەكانی، ئەمەش سوریا لە فۆرمێكی ناسەقامگیریی وەك ساڵی ٢٠١١دا پیشان بدات.