شاندی یەکێتی بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم سەردانی یەکگرتووی کرد و هەردوولا کۆبوونەوە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە 28/11/2024، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەئامادەبونی شاندێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی، پێشوازیی كرد لە شاندێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەری.
لەسەردانەکەی یەکێتیدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پەیووندییەكانی نێوانیان و دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكانی قۆناغی پاش هەڵبژاردن كرا.
لەبەشێكی كۆبونەوە كە تایبەت بوو بە قۆناغی دوای هەڵبژاردن، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگی پێكهێنانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای خزمەتكردنی باشتری هاووڵاتیان لەڕێی دەركردن و هەموواركردنی یاساو رێنماییەكان، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی كردەیی باشتر كرایەوە كە بژێوی هاوڵاتیان و خزمەتكردنیان بكرێتە لەپێشینەی كارەكانی داهاتوو.