قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەی دەبێت لەڕووی ئەمنییەوە هەوڵی زیاتر بۆ ڕێگرتن لە کۆچی نایاسایی بدرێت، بەڵام بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێکەوە کاربکەن تا پەرە بە گەشەسەندنی ئابوری قەزا و ناحییەکان بدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولا و بە تایبەتیش چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بواری ئەمنی و رێگریکردن لە دیاردەی کۆچی نایاسایی تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەر یەکە لە جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری و هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش لە بواری هەماهەنگی ئەمنی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکانی کۆچی نایاسایی و رێگریکردن لە تاوانی رێکخراو و قاچاخی مادەی هۆشبەر.
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا “ستایشی ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییە باشە کرا کە تا ئێستا لەنێوان هەردوولادا هەیە و خوازیاربوون لە داهاتوودا لەمبارەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەرەوپێشچوونی زیاتریش بەخۆیەوە ببینێت”.
سەبارەت بە چۆنییەتی کەمکردنەوەی دیارەی کۆچی نایاسایی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی دەبێت لەڕووی ئەمنییەوە هەوڵی زیاتر لەمبارەیەوە بدرێت، بەڵام بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێکەوە کاربکەن تا پەرە بە گەشەسەندنی ئابوری قەزا و ناحییەکان بدرێت، چونکە گەشەسەندنی ئابووری و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لەناو گەنجان لە ناوچە جیاوازەکان چارەسەری بنەڕەتییە بۆ نەهێشتنی دیاردەی کۆچی نایاسایی.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستی پێکردوە. وتیشی ئێمە خوازیاری پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزارین کە بتوانێت کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتیش کێشە ئابورییەکان و خزمەتگوزارییەکان چارەسەر بکات و دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان باشتر بکات.