وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گەیشتە هەولیر و لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا پرسی بەرەنگاربوونی کۆچی نایاساییان تاوتوێکرد.
ئهمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی تاوتوێ کران.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکی حکومەت کرد و بە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی ناوبرد و ئاماژەی بە پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان دا، وەک هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژیی وڵاتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم بلاویکردەوە کە مەسرور بارزانی، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و هاریکاریی شانشینی یەکگرتوو دەربڕی و خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دووپات کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێکخراو و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.
پێشتر میدیای بەریتانیا بڵاویکردبووەوە کە بەریتانیا بە نیازە لە ڕێی تەرخانکردنی پارەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ڕێ لە کۆچی نایاسایی بگرێت.