ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان بۆ تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان وەردەگیرێت بكرێت بە قیست.
ئەمڕۆ چوار شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، كە ماڵپەڕی فەرمی حكومەت بڵاویكردۆتەوە، لە تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكەدا پێشنیارێك لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خرایەڕوو تایبەت بە پاژەکردن (بەقیستکردن)ی ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتی زێدەڕۆکار وەردەگیرێت، کە خانووی نیشتەجێیان بە زێدەڕۆیی لە سنووری شارەوانییەکان دروستکردووە بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون.
ڕاشیگەیاندووە، بە گوێرەی سەرجەم ئەو مەرج وپێداویستیانەی لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2021، کە تەنیا ئەو هاووڵاتییە ئاساییە دەگرێتەوە کە بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، زێدەڕۆییان لەسەر زەوی گشتی کردبوو لە چوارچێوەی سنووری شارەوانیەکان.
ئاشكراشی كردووە، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە بڕیارەکەی پەسەند کرد، وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاووڵاتییانەی، کە یاساکانی ئاماژەپێدراو دەیانگرێتەوە و توانای داراییان سنووردارە و لە توانایاندا نیە، کە بڕی پارەی تەملیکی زەویەکە بە یەکجار بدەن.