بەهۆی بڕیارێكەوە نرخی ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتاكان دابەزیوە



دوابەدوای بڕیارەكەی هاتووچۆی هەولێر بۆ قەدەغەكردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان، لە سنووری سلێمانی-ش دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنیان لە سەرەتای ساڵی نوێوە بڵاوبۆتەوە و ئەوەش نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دابەزاندووە و بازاڕی كڕین و فرۆشتنیانی وەستاندووە.

بەپێی دواین ئاماری نافەرمی، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 70 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا بوونیان هەیە و بەشێكی زۆریان كەوتوونەتە سنووری سلێمانی، كە لە جۆرە جیاوازەكانن و زۆرینەشیان لەجۆری “شاهینە و مەلیكە” ناسراون و پێشتر زۆرینەیان بەناوی كەلوپەلی یەدەگەوە داخڵی هەرێم كراون، بەشێوەی “بڕاوە و مووس” و بەشێكیشیان ساخن و لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەهۆی هەرزانی نرخەكانیان خواستێكی زۆریان لەسەربوو.

بەپێی بەدواداچوونێكی تەرزە تەها، پەیامنێری (خەڵك) لە ئێستادا دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتایانە لە سنووری سلێمانی هەیە، بەڵام هیچ بڕیارێكی فەرمی لەلایەن هاتووچۆی سلێمانی و دەزگا ئەمنییەكانەوە بڵاونەكراوە و تەنها بەشێوەی دەنگۆیە ئەوەش دوای ئەوەی لە هاتووچۆی هەولێر بڕیارەكە هەفتەی ڕابردوو بە فەرمی ڕاگەیەنرا، كە هاتووچۆكردنیان قەدەغەیە و دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

سوارە ئەنوەر، نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان بۆ پەیامنێری (خەڵك) وتی، “لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیەوە، كە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكاندا دەگیرێت، بەتەواوی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی وەستاندووە”.

وتیشی، “بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی بێ‌ سەرەتا، كە زیاتر بە شاهینە و مەلیكە ناسراون نزیكەی 1000 بۆ 1500 دۆلار (10 بۆ 15 گەڵا) دابەزیون و ناشفرۆشرێن ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەوە، چونكە هەر هەواڵ و دەنگۆیەك كاریگەری لەسەر بازاڕی ئەو ئۆتۆمبێلانە هەیە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەدواداچوونمان بۆ بابەتەكە كردووە لە هاتووچۆی سلێمانی و گەرميان و ناوچەكانی دیكە و هەر دەوترێت دەنگۆیە و هیچ بڕیارێكیان بە فەرمی بۆ نەهاتووە، هەر بۆیە دەتوانن لەم شارانە هاتووچۆی پێ‌ بكەن، بەڵام بەهۆی هەواڵ و دەنگۆكەوە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی وەستاندووە، بەڵام هاتووچۆی هەولێر دەڵێت: دەستیان بەسەردا دەگرین”.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ئۆتۆمبێلانە لە هاووڵاتیان دەسەندرێتەوە، سوارە ئەنوەر وتی، “بەهیچ شێوەیەك ئەو ئۆتۆمبێلانە لە هاووڵاتیان ناسەندرێت، بەڵكو لەحاڵەتی سەرپێچی پێوەكردنیان دەستیان بەسەردادەگیرێت و غەرامە دەكرێت، هەروەها تا ئێستاش وەزارەتی ناوخۆ هیچ بڕیارێكی لەسەر نەداون”.

نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان داواشی لە حكومەتی هەرێم كرد، “چارەسەری كۆتایی بۆ پرسی ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتاكان دابنێن بەپێدانی ژمارە یان كارتی ڕێگەپێدان، چونكە هاووڵاتی پێویستی بە ئۆتۆمبێلە پارەی پێ داوە و ناكرێت هەر ماوەیەك و دەنگۆیەك بڵاوبكرێتەوە، بۆیە داوا دەكەین حكومەت لە خەمی خەڵكدا بێت و چارەسەرێكیان بۆ دابنێت”.

 نرخی پارەی موەلیدەی سیتییەکان دیاریکرا
پێت  نرخی پارەی موەلیدەی سیتییەکان دیاریکرا
بەنووسراوی فەرمی داوایەک لە سودانی دەکرێت
دوات بەنووسراوی فەرمی داوایەک لە سودانی دەکرێت
پەیوەنیدر