دوابەدوای بەركاربوونی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لە هەرێمی كوردستان و هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان و زیادكردنی لێبڕینی خانەنشینی لە مووچە لە 7%ەوە بۆ 10%، وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاریدا لەكاتی هەژماركردنی خزمەت بۆ فەرمانبەران بە ڕێژەی 10% لە مووچەی بنەڕەتی وەك پشكی لێبڕینی خانەنشینی وەربگیرێت.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، تایبەت بە لێبڕینی پشكی خانەنشینی بۆ هەژماركرنی ڕاژەی فەرمانبەران، بڕیار دراوە بەپێی حوكمەكانی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014، بە ڕێژەی 10% لە مووچەی بنەڕەتی ببڕدرێت.
بە پێی وتەی سەرچاوەیەكی دارایی بۆ (باسنیوز) بەو پێیەش، ئەگەر فەرمانبەرێك هەر خزمەتێكی هەبێـت، “پێشمەرگایەتی، ئاوارەیی، كەرتی تایبەت، ئەندازیاری، ڕۆژنامەنووسی، گرێبەست و هەر خزمەتێكی دیكە”، ئەگەر بیەوێت بیخاتە سەر خزمەتی فەرمانبەری، ئەوە دەبێت لێبڕینی 10% لە مووچەی بنەڕەتی بدات، لە بڕی لێبڕینی خانەنشینی.
سەرچاوەكە وتوشیەتی، “پێش ئەو بڕیارە لە هەرێمی كوردستان، بەپێی بڕوانامەكەی لێبڕینی خانەنشینی وەردەگیرا و ئەو بڕە پارەی وەردەگیرا كەمتر بوو، بۆ نموونە، پێشووتر فەرمانبەرێك شەش ساڵ خزمەتی هەبوایە، كەمتر لە 500 هەزار دیناری لێ وەردەگیرا، بەڵام بەپێی یاساكەی عێراق، ئێستا دەبێت 700 هەزار دینار بدات”.