ستران عهبدوڵا_ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی
سەبری ئەیوب یانی چاوەڕێی كردنەوەی دەرگای خێر لە ئاسمانەوە كە ئەوە بەس خوای گەورە خۆی دەزانێ كەی دەكرێتەوە؟
سەبری شۆڕشگێڕی یان وەكو سەرۆك مام لە ئەدەبیاتی فارسییەوە دەیگوت (سەبری ئینقلابی) واتا مرۆڤەكان بەسەبر بن تا دەرفەتی ئەوە دێت كە بەدەستی خۆیان دەرگای خێر لە خۆیان بكەنەوە.
دۆخی كوردستان لە ناوخۆی (حزبەكان لەناوخۆیان و لەگەڵ یەكتریشدا)و لەگەڵ ئەویتر، بەغدا تا دەوروبەرە ئیقلیمییەكەی، لە قۆناغی سەبری ئینقلابیدایە.
ئەیوبەكەی شۆڕشگێڕە، سەبرەكەی سەبری دان بەخۆداگرتنە، نەك بە چۆكداهاتن، وەك دوژمنانی گەلەكەمان خەونی پێوە دەبینن.
پێشبڕكێكە ئەوە نییە كە لەسەر شانۆیەكی چوارچێوەداردا دەیبینین. بەڵكو پێشبڕكێیەكە ئەوەیە كێن ئەوانەی دەبنە ئەیوبی ساتەوەختی راستی؟
ئەمە راستیی مێژوویی مەسەلەی كوردە و لە كورد خۆی قەوماوە، هەر ئەمەش خۆی جەوهەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستانە و ماباقی لزومیات مالایولزەمە وەك ئەبو عەلا مەعەری ئێژێ.
ئەگەر قۆناغی سەبری ئینقلابی پێگەیشت، ئەوا دەبوژێینەوە. دەرگای قۆناغێكی تر دەكەینەوە.
دوای ئەوە هەر دەرگایەكی تری خێر كە خوا لێی كردینەوە ئەوا خێر و بەرەكەتە. هەقە بزانین خۆمان بنچینەین، چونكە كورد دەمێكە گوتویەتی: خوا كێو نەبینێ بەفری تێناکا.
*بەشێک لە وتارێکی ساڵی 2018