ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ 2 ترلیۆن و 640 ملیار دیناری لەبەردەستە ئیتر بۆ مووچەی ئەو سێ مانگە نادات و دەشڵێت: داهاتی نەوت 2 ترلیۆن و 400 ملیارە و ئەگەر نیوەی بۆ كۆمپانیاكان بێت ئەوەی تری چارەنووسی نازانرێت.
عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە پێی زانیاریی و داتای خۆیان، هەرێمی کوردستان مانگانە (٣٥٠) ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەیە، کە بۆ 12 مانگی ئەمساڵ دەکاتە (4 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار، خەرجی وەزارەت و فەرمانگە و خزمەتگوزاریی مانگانە نزیکەی (١٢٠ ملیار) دینارە، بۆ ساڵەکە دەکاتە (یەک ترلیۆن و 440 ملیار) دینار، واتە داهاتی ناوخۆ (2 ترلیۆن و 960 ملیار) دیناری لێ زیادە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، “لەو بڕە تەنها نزیکەی (٣٢٠ ملیار) دیناری بۆ بەغدا نێردراوە، واتە بێجگە داهاتی نەوت لە ئێستادا حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی (2 ترلیۆن و 640 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی لەبەردەستە، بۆ مووچەی ئەم سێ مانگەی پێ دابەش ناکەن؟”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بە پاڵاوگە و تەنکەر (٣٢٠) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێ، کەس نازانێت ئەم داهاتە چی لێدێت، کە مانگانە نزیکەی (٤٠٠ ملیار) دینار دەکات و ئەگەر نیوەی بۆ کۆمپانیاکان بێت ئەوە پێویستە بڕی (2 ترلیۆن و 400 ملیار) دینار بۆ ساڵی (٢٠٢٤) بێتەوە خەزێنەی گشتی، لەم داهاتەی نەوت یەک دیناری بە بەغدا نەدراوە و کەسیش لە هەرێم چارەنووسی نازانێت”.
جەختیشی كردۆتەوە، هیچ پاساوێک لەبەردەست بڕیار بەدەستانی هەرێم نییە بۆ دواخستن و دابەش نەکردنی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ، ئەمەی هەرێم دەیکات یارییەکردنە بە قوتی خەڵک!