بە پێی ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 370 هەزار کەسی تێپەڕاند و 84٪یشیان شارنشینن.
ئەمڕۆ دووشەممە، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە پیی ئەنجامی بەرایی سەرژمێرییە گشتییەکەی هەفتەی ڕابردوو، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە کە 84%یان شانشینن و تەنها 16%ش گوندنشین.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە هەرێمدا یەک ملیۆن و 379 هەزار و 163 خێزان هەیە و تێکڕای ناوەندی خێزانەکانیش 4.3 ئەندامە و ڕێژەی گەشەش 2.48٪ە.
وەزیری پلاندانان ڕاشیگەیاند، ژمارەی نێر لە هەرێمدا سێ ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەسە کە دەکاتە %50.24ی کۆی دانیشتووان و ژمارەی مێ سێ ملیۆن و 170 هەزار و 162 کەسە و ڕێژەیان %49.76ە.
سەرژمێرییەکە دەریخستووە کە ڕێژەی دانیشتووانی ژێر تەمەنی کارکردن کە کەمترە لە 15 ساڵ، 31.9%ە، بەڵام ڕێژەی دانیشتووانی تەمەنی کارکردن لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵ 63.07%ە و ڕێژەی دانیشتوانی سەرووی تەمەنی 65 ساڵ 4.4%ە.