لایەنە ناڕازییەکانی هەرێم بۆ تاووتوێکردنی هەنگاوەکانی دوای پەسەند کردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن کۆمسیۆنەوە کۆدەبنەوە.
دکتۆر بێستوون، نوێنەری کۆمەڵی دادگەری بۆ کۆبوونەوەکە بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: بڕیارە کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە بارەگای بەرەی گەل لە لالەزار، لایەنە ناڕازییەکانی هەرێم کۆببنەوە.
حزبە بەشدارەکانی کۆبوونەوەکە بریتین لە هەریەکە لە یەکگرتووی ئیسلامی، بەرەی گەل، رەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی-ن.
ئەو نوێنەرەی کۆمەڵی دادگەری وتیشی: “کۆبوونەوەکە بۆ تاووتوێکردنی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لەلایەن کۆمسیۆنەوە، بۆ ئەوەی بزانین هەنگاوەکانی داهاتوومان چی دەبێت”.
دوێنێ یەکشەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ لە ئەنجامەکان بگۆڕێت.
هاوکات ئەو لایەنە ناڕازییانەی هەرێم پێیان وایە هەڵبژاردنەکە “دیزاین بۆ کراو”بووە و دەستکاری دەنگی لایەنەکان کراوە.