بە لێ وردبوونەوەیەکی وردی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکە و جیهان ڕوودەدەن و ئەو ئامادەکاری و جموجۆڵانەی لە نێوخۆی عێراقیش بوونیان هەیە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە ئیدی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە عێراق شتێکی حەتمییە و درەنگ یا زوو دەبێت ڕووبدات، جا ئەوەی مەبەستە ئامادەبوونی لایەنە جیاوازەکانە بۆ ئەم گۆڕانکارییە بە تایبەتی گەلی کوردستان، لێرەوە ئاماژەی پێدەکەین.
لە دوای گۆڕانکارییە خێراکان لە ناوچەکەدا بە تایبەتی فراوانبوونی بازنەی شەڕ کە ئێران و لوبنانیشی گرتۆتەوە، بێدەنگبوونی وڵاتانی ناوچەکەش بە تایبەتی میسر و سعودیە لەم هەنگاوانەی ئیسرائیل، جێگەی هەڵوێستەیە، ئەمە سەرباری هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل، ئیدی لەبەرامبەردا هەڕەشەکانی ئیسرائیلیش خەریکە دەبێتە جیددی و لێدوانی ‘فوئاد حوسێن’ وەزیری دەرەوەش لەم بارەیەوە، دووپاتی ئەم ڕاستییە دەکاتەوە.
بێدەنگی سەرکردە شیعەکان و لەبەرامبەردا زیادبوونی جموجۆڵی (محەمەد شیاع سوودانی) سەرۆک وەزیرانی عێراق بەتایبەتی سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان، هەوڵەکان بۆ دووبارە هاتنەوەی ڕەوتی سەدر بۆ ناو پرۆسەی سیاسی عێراق، دەکرێت وەک ئامادەکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق هەژمار بکرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەمەش دەکرێت وەک تەواوکاری ئەو بەرنامە گۆڕانکارییە سەیر بکرێت، کە ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ویستی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق ئەنجامی بدات کە ئەوکات شکستی خوارد، بەڵام لەئێستادا زەمینە لەبارە بۆ ئەم گۆڕانکارییە و لەم ڕێگەیەشەوە هەوڵی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق بدات.
لە گۆشەی دونیابینی سەرۆک بارزانی و خوێندنەوەی بۆ گۆڕانکارییە پێشبینیکراوەکان، هەمیشە جەختی کردووەتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەکاتی خۆیدا، دوا وتاری ‘سەرۆک بارزانی’ لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس)، ڕوانگەی هەرێمی کوردستانی بە دروستی دەرخست، تایبەت بە چارەسەرکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لە ئایندەدا، بە شێوەیەک بە هەمووانی وت لەماوەی ڕابردوودا گەلەکەمان دووچاری دابەشبوون بووەتەوە و پێمان وایە گفتوگۆ و دیالۆگ تاکە ڕێگەیە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی بەرامبەر کورد کراون، هاوکات چارەسەری هەر پارچەیەکیش بە پێی بارودۆخی تایبەتی ئەو بەشه بێت.
ئەوەشی ڕوونکردەوە، ئامادەین بۆ گۆڕانکاری لەسەر بنەمای پاراستن لە داب و نەریت و ئایینمان، ئەمەش دڵنیایی بوو بۆ گەلانی ناوچەکە کە بوونی کورد بە دەوڵەت نابێتە مەترسی بۆ هیچ لایەک.
ئەمە سەرباری دووپاتکردنەوە لە حکومەتێکی سەرتاسەری بۆ هەرێم، کە لە ئاست ئەم پێشهاتە نوێیانەدا بێت لە ناوچەکە (یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک پەرلەمان و یەک هێزی پێشمەرگە ).
لەسەر ئاستی پارچەکانی تری کوردستانیش جموجۆڵی سیاسی بەهەمان ئاڕاستە بوونی هەیە، هەنگاوی پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا ئەکەپە بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەم وڵاتەدا، دەکرێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە تورکەکان درکیان بەو گۆڕانکاریانەی کردووە کە پێشبینی کراوە لە داهاتوودا ڕووبدەن.
لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە دوای فراوانبوونی شەڕ لەناوچەکە بە گوێرەی هەموو پێشبینییەکان، ئەم جارە دەگاتە سووریا کە لە ژێر هەژموونی تەواوی ڕووسیا و ئێرانە کە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە هاوکاری ئیسرائیل، سووریایەکی بەم شێوەیه قبوڵ نییە، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ کوردانی ئەم پارچەیە بە مەرجی دوورکەوتنەوە لە ڕژێم و یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی.
تایبەت بە کوردانی ڕۆژهەڵاتیش، لە هەموو ئەگەرەکاندا بارودۆخی ئێران وەکو ئێستا نامێنێتەوە و ڕۆڵی ئەم وڵاتە تەواو لە پاشەکشەدایە، بۆیە دەکرێت ئەم گۆڕانکاریانە بکرێنە بنەمایەک بۆ هەنگاوەکانی سەرکردایەتی هەرێم و تەواوی بەشەکانی تری هەرێم بۆ داهاتوو، بەشێوەیەک بتوانرێ کورد سوودمەندی یەکەم بێت لەم گۆڕانکارییانە.
هەڵبژاردنەوەی دووبارەی ‘دۆناڵد ترەمپ’ بۆ سەرۆکی ئەمەریکا، گۆڕانکاریی خێرای بەدوای خۆیدا هێنا، گواستنەوەی شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا بۆ قۆناغی مەترسیدار لە بەکارهێنانی مووشەکی بالێستی دوورمەودا، واژۆکردنی مەرسوومی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن سەرۆکی ڕووسیا ‘ڤلادیمێر پۆتن’، بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ‘بنیامین ناتەنیاهۆ’ لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی، ئامادەکارییەکانی عێراق بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆمکاری عەرەبی بۆ ئەم پرسە.
هاوکات پێکهاتەی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، بە شێوەیەکە زۆرینەیان دژبەرانی هەژموونی ڕووسیا و چینن لە ناوچەکە جیهاندا و ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ئیدی جیهان بەرەو گرژیی زیاتر هەنگاو دەنێت، دەکرێت وەک پەیامێک بێت لە سەرۆکی نوێی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی، کە هەر وڵاتێک نزیک بێت لە هەژموونی ئەم دوو زلهێزە، دەبێت ئامادەیی بۆ کاردانەوەی بەهێز لە داهاتوودا هەبێت.