دیداری “سۆشیالمیدیا پانتاییەک لە ڕوانگەی یاساییەوە” دەستیپێکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەو ڕێیەوە ڕێگەچارە بۆ گرفتەکانی سۆشیال میدیا بدۆزێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بە چاودێری حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دیداری “سۆشیالمیدیا پانتاییەک لە ڕوانگەی یاساییەوە” بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەندیکا و شارەزایانی بواری میدیا و ڕۆژنامەنووسان لە هەولێر دەستیپێکرد.
دیدارەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت و تێیدا گفتوگۆ لە بارەی ڕوانگەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ومامۆستایانی زانکۆ و ناوەندە میدیاییەکان بۆ چارەسەری گرفتەکانی سۆشیالمیدیا و دیدگای یاسایی لە هەمبەر ئەو پرسە دەکرێت.
لە دیدارەکەدا، نوێنەری “تۆڕی میدیایی خەڵک” و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین و گەرمیان بەشداربن.
ئامانجی سەرەکی لە سازکردنی دیداری “سۆشیالمیدیا پانتاییەک لە ڕوانگەی یاساییەوە”، دروستکردنی گفتوگۆیەکی کراوە و بنیاتنەرانەیە بۆ چارەسەری گرفتەکانی ژینگەی میدیایی.